بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، موحسین پاک ئایین سەبارەت بە ئاگربەستی لوبنان و ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: ڕژێمی زایۆنیستی لە شەڕی لوبناندا چەندین ئامانجی وەک لەناوبردنی حزبوڵڵا، شەڕی وشکانی و داگیرکردنی خاکی لوبنانی دیاری کردبوو بەڵام ئاگربەستەکە ئەوەی سەلماندووە کە بە هیچ یەک لەو ئامانجانەی نەگەیشتووە و شکستی هێناوە.
ناوبراو وتی: بڕیاری ئاگربەست لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە بە هۆی ئەو هەموو زیانەوە بووە کە بە هۆی حزبوڵڵای لوبنانەوە بەریکەوتووە و سەرکردەکانی زایۆنیست ترسێکی زۆریان لە بەردەوامی شەڕ و تێچووەکانی هەبووە.
پاک ئایین وتی: ڕژیمی زایۆنیستی سەرەتا وایدەزانی بە تیرۆرکردنی سەرکردەکانی حزبوڵڵا وەک شەهیدان سەید حەسەن نەسروڵڵا، هاشم سەفیەدین و ئازیزانی دیکەی ئەم بزوتنەوەیە، دەتوانێت بێ کاریگەری بکات، بەڵام بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی ئەو ڕژێمە و سەرەڕای شەهیدبوونی ئەو سەرکردانە، پێکهاتەی حزبوڵڵا بەردەوام بە هێز و ئیرادەیەکی نەگۆڕەوە ماوەتەوە و پاش هەر تیرۆر و شەهیدبوونێک، هێرشەکانی حزبوڵڵا بۆ سەر ناوچە زایۆنیست نشینەکان بە تایبەت تەل ئەبیب و حەیفا زیاتر دەبوو.
ئەو دیپلۆماتکارەی پێشووی ئێران وتی: ئەو چەکانەی کە لە هێرشەکانی حزبوڵڵادا بەکارهێنران، پێشکەوتوو و ڕۆخێنەرتر لە ڕابردوو بوون و بەڵگەکان پیشان دەدن کە حزبوڵڵا ئامادەی شەڕێکی درێژخایەن بووە، لە کاتێکدا کە ڕژێمی زایۆنیستی بە لاوازییەوە دەبینرا، هەر ئەم لاوازییەش بووە هۆی ئەوەی کە ڕێکەوتنی ئاگربەست قبووڵ بکات.
ناوبراو وتی: کاتیک تەنیا لە ماوەی یەک ڕۆژدا 500 جار زەنگی ئاگادارکردنەوە لە تەل ئەبیب لێدەدرێت، پیشان دەدات کە هێرشەکانی حزبوڵڵا و لاوازی سیستەمی بەرگری ڕژێمی زایۆنیستی لە چ ئاستێکدا بووە.
پاک ئایین وتی: ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە ڕژێمی زایۆنیستی هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان دەست پێبکاتەوە، لە دۆخێکی وەهادا حزبوڵڵا بە وریاییەکی زۆرەوە وەڵام دەداتەوە.
وتیشی کە ئەگەر لە غەززە ئاگربەست نەکرێت، هیچ ئاگربەستێکی دیکەی ناوچەکە بەردەوام نابێت و تاوانەکانی ڕژیمی زایۆنیستی لە دژی خەڵکی بێ تاوانی غەززە، ڕێگری لە جێگیربوونی ئاگربەست و ئاشتی لە ناوچەکە دەکات. بەرەی خۆڕاگریش خەڵکی غەززە بە جێ ناهێڵێت و وەک ڕابردوو گورزی کوشندە و کاریگەر لە جەستەی لاوازی ئەو ڕژێمە دەدات./.