بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن بەهەشتی پور شارەزا لە کاروباری نێودەوڵەتی سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتی بۆ دەستگیرکردنی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیران و یۆئاف گاڵانت وەزیری پێشووی شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: بەداخەوە کە بڕیاری دەستگیرکردنی نتانیاهۆ لە لایەن دادگای نێودەوڵەتییەوە نابێتە بەربەست و ڕێگر لە بەردەم تاوانەکانیدا بەڵام بڕیارەکە مێژوویی و کەم وێنەیە کە تایبەت بە بەرپرسێکی باڵای ڕژێمی زایۆنیستی دەرکراوە. ئەم بڕیارە لە لایەن دادگایەکی ناوخۆیی لە وڵاتێکدا دەرنەکراوە، بەڵکوو لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە دەرکراوە کە لە سەر بنەمای ڕێکەوتنی ڕۆما پێکهێنراوە و 124 وڵاتی جیهان لە دیوانی دادی نێودەوڵەتیدا ئەندامن و پابەندی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەو دادگایەن.
ناوبراو وتی: لە ئاستی ڕای گشتی جیهانی و ڕەهەندی سیاسییەوە، ئەمە شەرمەزارییەکی هەمیشەییە بۆ نتانیاهۆ و گاڵانت و حکومەتی ڕژێمی زایۆنیستی. ئەم بێزارییە کە لە بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتیدا بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی ڕژێمی زایۆنیستی خۆی پیشان داوە، شتێک نییە کە لە دوای 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 ەوە درووست کرابێت، بەڵکوو ڕق و کینێکە کە بە درێژایی دەیان ساڵ درووست بووە. ڕەنگە بۆ گەلی ئێران و ناوچەکە، دوژمنایەتی لە گەڵ زایۆنیستەکان بابەتێکی ئاسایی بێت بەڵام گەڵاڵەکردنی ئەم پرسە لە ئاستی جیهانی و دەرکردنی حوکمی دەستگیرکردنی سەرۆک وەزیران و وەزیری پێشووی شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی ڕووداوێکە کە کاردانەوەی ڕای گشتی جیهانیی بە دواوە بووە.
بەهەشتی پور وتی: لە کاتێکدا کە زیاتر لە 43 هەزار کەسی بێ تاوان لە ژن و منداڵ و بەساڵاچوو و ….. لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە کۆمەڵکوژ کراون، بەرپرسانی ئەو ڕژێمە بڕیارەکەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتییان بە سیاسی ناوبردووە و ڕایانگەیاندووە کە بۆ دژایەتیکردنی جولەکەیە.
ناوبراو وتی: حوکمەکەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەبێت هەموو ئەو کەسانە لەخۆ بگرێت کە دەستیان لە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستیدا هەبووە. ئەمریکا وەک پشتیوان و لایەنگری سەرەکی ڕژێمی زایۆنیستییە لە ڕووی دارایی و سیاسی و سەربازییەوە کە بانگەشەی سەرکردایەتی دیمۆکراسی لە جیهاندا دەکات، بەرپرسانی ئەمریکا دەبێت هاوشانی نتانیاهۆ و گاڵانت وەک تاوانباری شەڕ بناسێندرێن و سزای پێویستیان بۆ دەربکرێت.
ئەو شارەزایە وتی: کاتێک کە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بڕیاری لە دژی ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا دەرکرد، ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بڕیارەکەیان بە یاسایی و باش پێناسە کرد بەڵام سەبارەت بە بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی، بڕیارەکە بە نایاسایی، سیاسی و دژە جولەکە ناو دەبەن.
حەسەن بەهەشتی پور سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی ئەورووپی وتی: ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەورووپی لە دامەزرێنەرانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتین و پابەندی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەو دادگایەن، وڵاتانی وەک بەریتانیا، فەرەنسا و تەنانەت کەنەدا پشتیوانییان لە بڕیارەکە کردووە و ئەمەش خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژووی بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی زایۆنیستیدا، لە بەر ئەوەی کە 75 ساڵە خۆیان بە هۆی ڕووداوەکانی هۆلۆکۆستەوە بە زوڵملێکراو دەزانن.
ئەو شارەزای کاروباری نێودەوڵەتییە وتی: بڕیارەکەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی پێداگری لە پشتیوانییەکانی ئێران، سوریا و لوبنان لە فەڵەستین و غەززە ناکاتەوە، بەڵکوو ڕیسوایی و ئابڕوچوونێکی گەورەیە بۆ ڕژێمی زایۆنیستی و لایەنگرانی لە ئاستی جیهاندا./.