بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە بەیاننامە هاوبەشەکەی وەزارەتی دەرەوە و ڕێکخراوی وزەی ناوەکی ئێراندا هاتووە کە سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوەکی فەرمانی کارپێکردنی کۆمەڵەیەکی نوێی سەنتەرفیوژی پێشکەوتووی دەرکردووە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە سەرەڕای هاوکاری و لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی کە لە سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکی ئاژانسدا بۆ تاران بەدیکرا، سێ وڵاتی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا وەک پابەندنەبوونی هەمیشەیی خۆیان بوونە هۆکاری پەسەندکردنی بڕیاریک لە دژی تاران.
بەیاننامەکە ڕایگەیاندووە کە سیاسەتی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر بنەمای هاوکاری بنیاتنەر لە گەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی لە چوارچێوەی ماف و ئەرکە دیاریکراوەکانی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ناوەکی و ڕێکەوتنی پاراستنی هەمەلایەنەدایە.
وەزارەتی دەرەوە و ڕێکخراوی وزەی ناوەکی ئێران ڕایانگەیاندووە کە هەنگاوەکەی سێ وڵاتی ئەورووپی زیان بە کەشی ئەرێنی هاوکاری نێوان تاران و ئاژانس دەگەێنێت.
ڕاشیگەیاندووە کە لەم پێناوەدا سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوەکی ئێران کۆمەڵە بڕیارێکی دەرکردووە، بە تایبەت کارپێکردنی سەنتەرفیوژی نوێ لە جۆرە جیاوازەکان و ئەم وەڵامەش لە سەردانەکەی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکیدا بۆ تاران ڕوون کرایەوە./.