بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی ڕافائیل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی (پێنج شەممە 14 ی تشرینی دووەمی 2024) بە ڕوونکردنەوەی چالاکی ئاشتیخوازانەی ناوەکی و هەڵوێستی نەگۆڕ و بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە قەدەغەبوونی بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی، وتی: ئێمە وەک چۆن کە بەردەوام ڕامانگەیاندووە بە پێی فەتوای ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە هیچ شێوازێک هەوڵی گەیشتن بە چەکی ناوەکی نادەین و هیچ کەسێک توانای لادانی لەو سیاسەتە نییە کە ڕێبەری مەزن دیارییان کردووە.
ناوبراو وتی: ئەوەی چالاکی ئێران لە بواری تەکنۆلۆژیای ناوەکیدا بێت بە تەواوی لە چوارچێوەی موڵەتی فەرمی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکییە و لەم پێناوەدا ئامادەیی تەواویش بۆ هاوکاری ئاژانس هەیە و جیهان بەو بڕوا و ڕاستییە گەیشتووە کە ئێران بە دوای ئاشتی و ئاسایشدا دەگەڕێت.
دکتۆر پزیشکیان بە ئاماژە بە بێ بەڵێنی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی لە ڕێکەوتنی ناوەکیدا، وتی: بە پێی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی، ئێران پابەندی تەواوی بەڵێنەکانی خۆی لەم ڕێکەوتنەدا بووە و ئەمریکا بە شێوازی تاکلایانە لە ڕێکەوتنەکە کشایەوە و درێژەدان بەم ڕێگایە کۆتایی هات.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوچەکە وتی: لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونم وەک سەرۆک کۆمار، ڕژێمی زایۆنیستی ئیسماعیل هەنیەی تیرۆر کرد و کێشەی بۆ ئەو ئامانجانە درووست کرد کە لە لایەن ئێمەوە دیاری کرابوو و لە درێژەشدا بە پەرەپێدانی ئاڵۆزییەکان، ناوچەکەی ڕوبەڕوی قەیرانێکی گەورە کردووەتەوە.
لە درێژەی ئەو چاوپێکەوتنەدا ڕافائیل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی وتی، لەو بڕوایەدایە کە خولی سەرۆکایەتی دکتۆر پزیشکیان وەرزێکی نوێی هاوکارییەکانی نێوان تاران و ئاژانس دەبێت و دەتوانێت دژایەتییەکانی سەر دۆسیەی ناوەکی ئێران پووچەڵ بکاتەوە./.