بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سوهراب کەمەری ڕایگەیاند کە لە سەرەتای ساڵی 1403 ی کۆچی هەتاوی تا کۆتایی مانگی 7، 930 ملیۆن و 395 هەزار و 60 دۆلار جۆرەکانی کاڵا لە سنوری مێهرانەوە هەناردەی عێراق کراوە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە کاڵای سەرەکی هەناردەکراوە لەم 7 مانگەدا بۆ عێراق لە سنوری مێهرانەوە، بەرهەمەکانی پترۆکیمیا، کەرەستەکانی وێستگەی وەبەرهێنانی کارەبا، کەرەستەی بیناسازی، کاشی و سیرامیک، بەرهەمی پلاستیکی و هەروەها بەرهەمە کشتووکاڵییەکان بووە.
کەمەری ڕایگەیاند کە کۆی گشتی کاڵای هەناردەکراو لەم 7 مانگەدا یەک ملیۆن و 655 هەزار و 825 تەن بووە.
بەڕێوەبەری گشتی گومرکی پارێزگای ئیلام ڕایگەیاند کە لە ساڵی ڕابردوودا (1402 ی کۆچی هەتاوی) بە گشتی یەک ملیار و 811 ملیۆن دۆلار جۆرەکانی کاڵا بە کێشی 3 ملیۆن و 220 هەزار تەن لە سنوری نێودەوڵەتی مێهرانەوە هەناردەی عێراق کراوە./.