بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدری عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە هێرشی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر ئێران ئەگەرچی دەسدرێژییە بۆ سەر وڵاتێکی سەربەخۆی خاوەن سەروەری و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتییە لە لایەن ئەو ڕژێمە تیرۆریستییەوە بە پشتیوانی ئەمریکا، بەڵام بچووکتر لەوەیە کە ئیدانە بکرێت.
ناوبراو ڕایگەیاند کە وەڵامەکەی ڕژێمی زایۆنیستی، لاواز و پیشاندەری سەرلێشێواوی و ئەوپەڕی نیگەرانی ئەو ڕژێمە و لایەنگرانیە بە هۆی پێداگری ئێران لە سەر هەڵوێستەکانی و بوێری گرووپەکانی خۆڕاگری لە فەڵەستین و لوبنان بە سەرکردایەتی شەهیدان یەحیا سینوار و سەید حەسەن نەسروڵڵا.
سەرۆکی ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند کە سەلمێندراوە ئەم دەسەڵاتە و شەڕەنگێزییەکەی لە ماڵی جاڵجاڵۆکە لاوازترە و داوای لە سەرجەم وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و دۆستانی ئاشتی و مرۆڤایەتیش کردووە کە گوشارەکان لە سەر ڕژێمی زایۆنیستی بۆ ڕاگرتنی کوشتاری ژنان و منداڵان و دەسدرێژی بۆ سەر وڵاتان چڕ بکەنەوە.
سەدر بە پێویستی زانیوە کە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی سزای ڕژێمی زایۆنیستی بدەن و باڵیۆزخانەکانی دابخەن و هیچ پەیوەندییەکیان لە گەڵ ئەو ڕژێمەدا نەبێت و حوکمی دەستگیرکردنی بنیامین نتانیاهۆ بۆ ڕێگری لە هەڵگیرسانی شەڕێکی جیهانی جێبەجێ بکەن./.