بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کریستالینا جۆرجیڤا ڕایگەیاندووە کە چین چیتر ناتوانێت پشت بە هەناردەکردن ببەستێت بۆ گەشەکردن و ڕەنگە لە ماوەی مامناوەنددا گەشەی چین بۆ خوار 4% دابەزێت، ئەم ئاستەش بۆ چین زۆر قورس دەبێت ئەگەر لە سەر ڕێچکەی ئێستای بمێنێتەوە.
جۆرجیڤا وتی: توێژینەوەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەریخستووە کە چین گەشەیەکی بەرچاو و خێراتری دەبێت ئەگەر گۆڕانکاری بکات بۆ ئەوەی متمانە بە بەکارهێنەرانی بدات بۆ خەرجکردنی زیاتر کە بەرزبونەوەی گرژییە بازرگانییەکان بە هۆی ڕێژەی گەورەی هەناردەکردنی چینەوە بابەتێکی گەرم دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئەگەر بەردەوام بن لە سەر مۆدێلی ئێستایان کە گەشەکردنە لە سەر بنەمای هەناردەکردن، ئەوا کێشەیەک درووست دەبێت. چونکە ئابوری چین گەیشتووەتە ئاستێک کە هەناردە چیتر فاکتەری بچووک نییە لە بازرگانی جیهانیدا.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ڕاگەیاندنی بەرنامەکانی هاندانی دارایی لە لایەن چینەوە بە ئاراستەیەکی درووستدایە، بە ئامانجی گەڕاندنەوەی متمانەی بەکاربەران کە بە هۆی قەیرانی درێژخایەنی خانووبەرەوە لەناوچووە.
کەمی خواستی چین لە ناوخۆدا بووەتە هۆی ئەوەی بەرهەمهێنانی چینی زیاتر بەرەو هەناردەکردن ببات، ئەمەش وایکردووە ئەمریکا و ئەورووپا و وڵاتانی دیکە بەربەستی گومرگی بەرز بکەنەوە بۆ پاراستنی کرێکاران و کۆمپانیاکانیان لە کەرتەکانی وەک ئۆتۆمبێلی کارەبایی. دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکانی ئەمریکا بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە بەڵێنیدا باج بە ڕێژەی 60% یان زیاتر لە سەر هاوردەکردنی چین و 10% لە سەر هاوردەکردنی وڵاتانی دیکە دابنێت.
جۆرجیڤا ئاماژەی بەوەشکرد، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی هێشتا هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات کە ڕێوشوێنەکانی ئەم دواییەی چین تا چەند دەڕوات. بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد کە چاکسازیی قووڵتر پێویستە بۆ گۆڕینی ئابوری چین بۆ ئابورییەکی بەکاربردن. لەوانە چاکسازی لە خانەنشینی، درووستکردنی تۆڕێکی تەندرووستی کۆمەڵایەتی بۆ کەمکردنەوەی پێویستی پاشەکەوتی خۆپارێزی بەرفراوان و وەبەرهێنان لە کەرتە پێشکەوتووەکانی ئابوریدا، لەوانەش چاودێری تەندرووستی و پەروەردە./.