بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیسماعیل بەقایی بە ئاماژە بە سەردانەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ وڵاتانی لوبنان، سوریا، قەتەر، عێراق، سعوودیە، ئەردەن، میسر و تورکیا، ڕایگەیاند کە ئەمرۆ دووشەممە سەید عەباس عێراقچی سەردانی هەر یەک لە وڵاتانی کوێت و بەحرەین دەکات.
ناوبراو وتی: دڵنیاین کە وڵاتانی دراوسێ بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لەم بارودۆخەدا موڵەتی ئەوە بە ڕژێمی زایۆنیستی نادەن لە وڵاتەکەیان بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتێکی ئیسلامی کەڵک وەربگیرێت.
بەقایی وتی: وەزیری دەرەوە لە سەردانەکانیدا بۆ وڵاتانی ناوچەکە ئەوەی ڕوون کردووەتەوە کە وەڵامی هەر هێرشێک بەوپەڕی بەهێزییەوە دەدرێتەوە.
ناوبراو وتی کە خۆشبەختانە وڵاتانی ناوچەکە گەیشتوونەتە تێڕوانینێکی هاوبەش لە سەر پاراستنی ئاشتی و ئاسایش و ئەوەش دەزانن کە هەر جۆرە ئاڵۆزییەک لە دژی وڵاتێک، کاریگەریی لە سەر ئاسایش و سەقامگیری ئەوانیش دەبێت./.