مەسعود عەبدولخالەق لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە یەک ساڵەیی ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا، وتی: ئەگەر بە وردی سەیری پرسی فەڵەستین بكەین لە ئەستۆی هەموو جیهانە، یەكەمجار حەماس پێیهەستاوە و تەبەنی كردووە، لایەنە قەومی و عەلمانییەكانیش سەودا و مامەڵەی پێوە دەكەن و زۆر بەداخەوە، حزبوڵڵاش وەكو ئەركێكی خۆی پاڵپشتی حەماس دەكات، كەواتە ئەركی پارێزگاری لە فەڵەستین ئەركی هەموو لایەكە.
ناوبراو وتی: دەبێت ئەوە بزانین پێشتر حزبوڵڵا توانی خوارووی لوبنان لە دەست ئیسرائیل وەربگرێتەوە بە بێ سەودا و مامەڵە، ئەوەش پێچەوانەی سینایە كە لە چوارچێوەی سەودا و دانپێدادان بە ئیسرائیل توانرا وەربگیرێتەوە، ئەوەی حزبوڵڵا كردی شكۆی ئیسرائیلی شكاند، بەڵام ئیسرائیل دەیەوێت بە كوشتنی حەسەن نەسروڵڵا ئەو شكۆیە بگەڕێنێتەوە.
مەسعود عەبدولخالق لە درێژەدا وتی: ئەو نەخشەیەی ئیسرائیل بەرزی كردووەتەوە لە نیلەوە بۆ فورات، ئەساسی نییە، ئێستا ئیسرائیل و هەموو جیهان دەیانەوێت خۆڕاگریی ئیسلامی بشكێنن، بەڵام تا ئێستا نەشكاوە.
ناوبراو وتی: ئەوەی ئێران كردی كە 180 موشەكی ئاراستەی ئیسرائیل كرد، لە بارێكدا هەم نیشانەی بەهێزی ئێرانە و هەم نیشانەی بێهێزی هێڵی بەرگری ئیسرائیلیشە، هەرچەندە ئێران لە چوارچێوەی جیهانی سێهەمدایە و لە گەشەدایە بەڵام ئەگەر ببێتە شەڕی تەكنەلۆژیا، ئەمریكا و ڕۆژئاوا بەهێزترن./.