بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەکێک لە کاریگەرییە سەرەکییەکانی شەڕی غەززە و هەروەها بەردەوامبوونی ململانێکان لە ناوچەکانی باکوری ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین، زیانەکانی کەرتی کشتوکاڵی و هەیکەلی دابینکردنی خۆراکی ڕژێمی زایۆنیستییە. هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕاپۆرتە جۆراوجۆرەکان لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا (لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە) پیشان دەدەن کە ڕێژەی زیانەکانی ئەم ناوچەیە چەندە گەورە و بەرچاوە. لە ٧ی تشرینی یەکەمی 2023 ەوە پێکهاتەی کشتوکاڵی فەڵەستینی داگیرکراو ڕوبەڕوی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە تا ئەو ڕادەیەی کە بە پێی ڕاپرسییەک ٨٩%ی جووتیاران زیانیان بەر کێڵگەکانیان گەیاندووە، ١٩%ی جووتیاران ناچاربوون چالاکییە کشتوکاڵییەکانیان ڕابگرن و ٨٠%ی جووتیاران ڕایانگەیاندووە تووشی کەمی کرێکار بوون.
ناوچە کشتوکاڵییەکانی دەوروبەری سنوری کەرتی غەززە نزیکەی 50%ی کۆی پێداویستی ساڵانەی کالۆری دانیشتوانی ڕژێمی زایۆنیستی دابین دەکەن. هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، گرووپێکی لێکۆڵینەوە لە زانکۆی بن گوریۆن لەم دواییانەدا لێکۆڵینەوەیان لە کاریگەریی شەڕ لە سەر بەرهەمهێنانی خۆراک لەم ناوچەیەدا کرد. لە پێداچوونەوە بە مەترسییەکانی سەر ئاسایشی خۆراکدا ئاماژەیان بە پرسگەلێکی وەک چۆڵکردنی جووتیاران و کرێکاران، تێکدانی کێڵگە و ژێرخانی کشتوکاڵی، پەکخستنی زنجیرەی دابینکردن و سنوردارکردنی توانای حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی ناجێگیرترین بازاڕەکانی خۆراک داوە.
باس لەوە دەکرێت کە ٤٠٪ی کشتوکاڵ لەو ناوچانە بەروبووم و سەوزە و میوەی لیمۆ لەخۆدەگرێت و بە لەبەرچاوگرتنی پشتبەستنی ئاسایشی خۆراکی ڕژێمی زایۆنیستی بەم ناوچەیە، ئەو ڕاپۆرتانەی باسکراون زۆر نیگەرانکەرن. بە گوێرەی هەڵسەنگاندنێکی وەزارەتی کشتوکاڵی ڕژێمی زایۆنیستی، پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵی 2024 بەرهەمی بەروبووم بە ڕێژەی 10% کەمببێتەوە بە بەراورد بە تێکڕای ساڵی پێشووی، بەو پێیەی نزیکەی 20%ی ناوچە چێنراوەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە لە ئێستادا لە ناوچەکانی شەڕدان لە نێوان 0 بۆ 2 کم لە سنورەوە دوورە.
دکتۆر لیرۆن ئامادۆر توێژەر لە بواری کشتوکاڵ و سیستەمی خۆراک لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە لایەن توێژەران و پسپۆڕانی بواری کشتوکاڵ و خۆراک لە ڕژێمی زایۆنیستی بەڕێوەچوو، هۆشداریدا لەوەی مەترسی ئەوە هەیە ئەو ڕژێمە لە دۆخێکی نائاساییدا لە بواری دابینکردنی خۆراکدا بێت. ڕوونیشی کردەوە کە لە ماوەی ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵی ڕابردوودا ڕەوتێک هەبووە کە خۆراکەکانمان زیاتر لە دەرەوە هاوردە دەکرێن، ئێستاش گەیشتوینەتە دۆخێک کە ٨٠%ی ئەوەی دەیخۆین هاوردە دەکرێت و لە لایەن ئێمەوە بەرهەم نەهاتووە. لە لایەکی دیکەوە شەڕی ئەم دواییە دۆخەکەی خراپتر کرد. کێڵگە کشتوکاڵییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی کە زۆربەیان لە ناوچە سنورییەکانی باکور و باشورن، بە هۆی ئەو شەڕەوە زیانیان بەرکەوتووە. لە هەفتەکانی یەکەمی شەڕەکەدا بەندەری ئەشدۆد کاریگەری شەڕی لە سەر بوو، ئێستا بەندەری حەیفا لە مەترسیدایە. کۆمپانیاکانی کەشتیوانی بە هۆی کێشەکانی بیمە کە بە هۆی شەڕەوە درووست بووە، ئامادە نین بار بۆ ڕژێمی زایۆنیستی هاوردە بکەن.
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە هەواڵ و ڕاپۆرتانە، لە مانگی ١١ی شەڕەکەدا، وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراکی ڕژێمی زایۆنیستی کە کۆگای فریاگوزاری گەنم بۆ خواردنی مرۆڤ و خۆراکی ئاژەڵان بەڕێوەدەبات، ئەم هەواڵەی پشتڕاستکردەوە و بە فەرمی ڕاگەیاند بە هۆی نەبوونی زانیاری لە سەر بڕی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنانی گەنم، دانەوێڵە، ئارد و خۆراکی ئاژەڵان، کێشەیەک لە بەڕێوەبردنی کۆگاکانی فریاگوزاریدا هەیە.
لەم نێوەندەدا جێگای سەرنجە کە یەدەکی گەنم پێویستە بۆ دڵنیابوون لە بەردەستبوونی نان و بەرهەمە سەرەتاییەکانی تری نانەواخانەکان. هەروەها کۆگاکردنی خۆراکی ئاژەڵان زۆر گرنگە بۆ دڵنیابوون لە بەردەستبوونی بەرهەمە ئاژەڵییەکانی وەک گۆشت و هێلکە و شیر. ئەم دۆخە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی کە کابینەی دەسەڵاتدار لە ڕژێمی زایۆنیستی نەتوانرێت بە شێوەیەکی گونجاو ئامادەکاری بکرێت بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی کۆگاکانی خۆراکی گەنم و ئاژەڵ لە دۆخە سەختەکاندا، هەروەها نەبوونی وێنەیەکی نوێ لە کۆگاکانی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکاندا ڕەنگە زیان بگەیەنێتە ئاسایشی خۆراکی ڕژێمی زایۆنیستی.
دەرئەنجامی ئەم دۆخە بەرزبوونەوەی نرخەکان و ناڕازیبوونی زۆرینەی خەڵکی زایۆنیستە لە بارودۆخی ئابوری. هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، لێکۆڵینەوەیەک لە سەر دۆخی دارایی زایۆنیستەکان دەریدەخات، لە چەند مانگی ڕابردوودا، نزیکەی نیوەی دانیشتووانی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین ناچاربوون سنوری کارتی بانکی یان حیسابی جارەکییان زیاد بکەن بۆ ئەوەی بتوانن خەرجییەکانیان دابین بکەن بە هۆی زیادبوونی بەرچاوی خەرجییەکانیان. گەورەترین بازدان لە تێچوونەکاندا پەیوەندی بە خۆراکەوە هەیە کە بە ڕێژەی 50% گرانتر بووە.
بۆیە بە پێی ڕاپرسییەک کە لە کەناڵی 12 بڵاوکراوەتەوە، لە ئێستادا 88%ی زایۆنیستەکان پێیان وایە حکومەت تێچووی ژیان لە سایەی شەڕدا خەراپ بەڕێوەدەبات، لە کاتێکدا تەنیا 9% پێیان وایە ئەم بابەتە بە باشی بەڕێوەدەچێت. لەمبارەیەوە لێژنەی وردبینی حکومەت بە سەرۆکایەتی میکی لیڤی ئەندامی کنێست کۆبوونەوەیەکی سەبارەت بە چاودێریکردنی نرخی خۆراک و لێکەوتەکانی بۆ تەندرووستی گشتی ئەنجامدا.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەنجومەنی ئاسایشی خۆراکی ڕژێمی زایۆنیستیش لە ڕاپۆرتێکدا کە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا بڵاویکردەوە، باسی لەم بابەتە کردووە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ڕژێمی زایۆنیستی هیچ سیاسەتێکی نییە بۆ چارەسەرکردن و بەرەنگاربوونەوەی ئەو کێشانەی ئاسایشی خۆراک و برسێتی کە لە ئەنجامی شەڕەکەدا درووست بووە. لەم ڕووەوە سیاسەتی کۆمەڵایەتی تەل ئەبیب چاوپۆشی لە پێداویستییە دەستبەجێیەکانی سەدان هەزار خێزان دەکات کە بەدەست ناسەقامگیری خۆراکییەوە دەناڵێنن. بە گوێرەی دەرئەنجامەکانی ڕاپرسیی دامەزراوەی بیمەی نیشتمانی، نزیکەی 30%ی دانیشتوانی پێگەیشتوو لە ڕژێمی زایۆنیستی لە دابینکردنی خۆراک دڵنیا نین.
لە ڕاستیدا داتا و ڕاپۆرتی دامودەزگا جۆربەجۆرەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە سەرەڕای هۆشدارییەکان سەبارەت بە نەبوونی ئاسایشی خۆراک و خەراپتربوونی بارودۆخی ژیانی خێزانە کەمدەرامەتەکان لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا، کابینەکەی نتانیاهۆ ستراتیژێکی ڕوون و بنەڕەتی بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە نەخستەڕوو. بۆیە پێشبینی دەکرێت لە گەڵ بەردەوامبوونی شەڕی کەرتی غەززە و دەستپێکردنی شەڕێکی بەرفراوان لە گەڵ حزبوڵڵای لوبنان، ئامارەکانی پەیوەست بە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و دەستڕاگەیشتن بە خۆراک بە سەلامەتی لە ڕژێمی زایۆنیستی خەراپتر بن، چونکە زیانەکانی شەڕ بۆ پرۆسەی بەرهەمهێنانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان تەنیا بەشێکە لە کێشەکە، زیانەکانی ژێرخانی هاوردەکردنیش بەشێکی دیکەی کێشەکە دەبێت.
لە ماوەی شەڕی ئەم دواییەی غەززەدا بەندەرەکانی حەیفا، ئەشدۆد و ئیلات کەوتنە ژێر کاریگەرییەوە. ئەگەر ڕژێمی زایۆنیستی بچێتە ناو شەڕێکی گەورەوە لە گەڵ حزبوڵڵای لوبنان، پێشبینی دەکرێت ئاستی هەڕەشەکان بۆ سەر بەندەرەکان زیاتر بێت و لەم دۆخەشدا هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان قورستر دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمتر هاوردەکردن و نرخی بەرزتر بۆ بەکارهێنەری کۆتایی، واتە دانیشتووانی زایۆنیست و تەنانەت کەمی خۆراکیش لە بازاڕدا زیاتر سەرهەڵدەدات./.