بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد ڕزوانی فەڕ جێگری وەزیری ئابوری و سەرۆکی ڕێکخراوی گومرکی ئێران ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی بازرگانی نانەوتی ئێران لە ڕووی کێشەوە لە گەڵ وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لەم ماوەیەدا 42 ملیۆن و 300 هەزار تەن بووە کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 10 بەرزبوونەوە پیشان دەدات.
ناوبراو وتی: لە کۆی ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانییە نانەوتییەی ئێران لە گەڵ 56 وڵاتی ئەندام لە ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی، 33 ملیۆن و 600 هەزار تەن بە بەهای 13 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار پەیوەندی بە هەناردەوە هەبووە.
جێگری وەزیری ئابوری ئێران سەبارەت بە هاوردە لە وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی وتی: لە 5 مانگی سەرەتایی ساڵی 1403 ی کۆچی هەتاوی، 8 ملیۆن و 700 هەزار تەن کاڵا بە بڕی 13 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار لەو وڵاتانەوە هاوردە کراوە کە لە ڕووی کێشەوە لە سەدا 18 و لە ڕووی بەهاوە لە سەدا 15 بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو بەرزبوونەوەی هەبووە.
ڕزوانی فەڕ ڕایگەیاند: زیاترین ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانی نانەوتی ئێران لە 5 مانگی سەرەتایی ساڵی 1403 ی کۆچی هەتاوی لە نێو وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی، لە گەڵ وڵاتانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، تورکیا، عێراق، پاکستان و عۆمان بووە کە 24 ملیار دۆلار لە کۆی گشتی ئاڵوگۆڕە بازرگانییە نانەوتییەکانی نێوانی ئێران و وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی پەیوەندی بەم 5 وڵاتەوە هەبووە./.









