لەتیف نێروەیی لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: پێویستە پەرلەمانێكی نوێ لەدایك ببێت كە نوێنەرایەتییەكی ڕاستەقینەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكات و ببێتە چاودێرێكی حەقیقی بەسەر دامودەزگا حكومییەكان و كۆی دامەزراوە حكومییەكانەوە.
ناوبراو وتی: ئیدی شێوازی هەڵبژاردن گۆڕانكاری بەسەردا دێت، ئەمجارە فۆرمی پێكهاتەكانیش گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، تەنانەت فۆرمی هێز و لایەنە سیاسییەكانیش جیاوازە، ئەمجارە كۆمەڵێك ڕەوت و كەسایەتی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردندا دەكەن.
لەتیف نێروەیی وتی: پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی هەرێم كاتی زیاتری دەوێت، بەڵام هیچ بژاردەیەكی دیكە نییە و هەر دەبێت حكومەتێكی نوێ پێكبهێنرێت كە لە ئاست چاوەڕوانی و خواستی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا بێت و لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتییەدا بێت كە دەكەوێتە سەر شانیان.
وتیشی: پێویستە حكومەتی داهاتووی هەرێم لە ئاست چارەسەری كێشەكانی ناوخۆی هەرێم و لە ئاست كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداشدا بێت و بە شێوازێكی ڕیشەیی چارەسەریان بكات./.