بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولباری عەتوان شرۆڤەکاری جیهانی عەرەب لە نووسینێکدا کە لە ڕۆژنامەی ” رای الیوم ” بڵاو بووەتەوە، بە ئاماژە بە گەڕی نوێی دانوستانەکانی ئاگربەستی غەززە لە پایتەختی قەتەر، ستایشی بایکۆتکردنی بەشداری بزوتنەوەی حەماسی لەو کۆبوونەوەیدا کرد و بڕیارەکەی سەرکردەکانی حەماسی بە جیاواز لە گەڵ بڕیاری سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی ناو برد کە بەردەوام وەک گوێڕایەڵ و شوێنکەوتووی ئەمریکییەکان دەردەکەون.
ناوبراو هەروەها بڕیارەکەی بزوتنەوەی حەماسی بە پیشاندەری شکستی هەڕەشەکانی ئەمریکا و گوشارە بەردەوامەکانی نێوەندگێڕە عەرەبەکان لە ماوەی 10 مانگی ڕابردووی شەڕی دژ بە کەرتی غەززە ناو برد.
عەتوان ڕایگەیاند: ئەم دانوستانانە بە سەرپەرشتی ڤیلیام بێرنز سەرۆکی دەزگای سیخوڕی ئەمریکا بەپەلە ڕێکخرا و ئامانجەکەشی ڕاگرتن یان دواخستنی کاردانەوەی بەرەی خۆڕاگری لە بەرامبەر تیرۆری شەهید ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لە تاران و فۆئاد شوکر فەرماندەی باڵای بزوتنەوەی حزبوڵڵای لوبنان لە باشوری بەیروت بووە کە ئەو هەوڵانەی ئەمریکا بە شوێنێک ناگات لە بەر ئەوەی کە نتانیاهۆ بە ئەنقەست ئەو تیرۆرانەی کردووە و ئامانجەکەشی هەڵگیرسانی شەڕی ناوچەیی و تێوەگلانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لەو شەڕەدایە. تەنانەت جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکاش ڕاگرتنی شەڕی ناوێت و توانای گوشارخستنە سەر نتانیاهۆی نییە و تەنانەت ملکەچی داواکارییەکانی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی بووە و دوایین نموونەشی ناردنی چەک و کەرەستە سەربازییەکان بە بەهای 20 ملیار دۆلارە کە فرۆکەی ئێف 35 و بۆمبە بەهێزەکان لە خۆ دەگرێت تا زیان بە دامەزراوە درووستکراوەکان لە نێو دڵی شاخەکاندا بگەێنێت.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە ڕایگەیاند: یەحیا سنوار سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس کە شەڕی سیاسی و سەربازی لە یەکێک لە تونێلەکانی غەززەوە بەڕێوە دەبات، ئەوەی سەلماندووە کە ترسێکی لە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی نییە و گرنگیش بە سەرکردە ترساو و ملکەچەکانی عەرەب نادات و بە زمانی زۆر و شەڕی سەربازی ڕوبەڕوی زایۆنیستەکان دەبێتەوە.
عەبدولباری عەتوان لە درێژەدا ڕایگەیاند: نتانیاهۆ وا دەزانێت کە بە کوشتارەکەی خوێندنگەی تابعین لە گەڕەکی دەراجی غەززە و تیرۆری شەهید هەنیە دەتوانێت خۆڕاگری بترسێنێت و مەرجەکانی خۆی (هێشتنەوەی هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە بەرەی سەڵاحەدین لە سنورەکانی میسر و فەڵەستین، هێرشی دووبارە بۆ سەر کەرتی غەززە لە هەر کاتێکدا کە بیەوێت و ڕێگری لە گەڕانەوەی هێزەکانی خۆڕاگری بۆ باکوری کەرتی غەززە) بە سەر ئیرادە و بڕیاری سەرکردەکانی خۆڕاگریدا بسەپێنێت بەڵام ئەنجامەکان بە تەواوی پێچەوانە بوون و ئاشکراترین بەڵگەش بەشدارینەکردنی شاندی حەماس لە گەڕی نوێی دانوستانەکاندا بووە و هەروەها ئەم بزوتنەوەیە جەخت و پێداگریی لە سەر مەرجەکانی خۆی کردووەتەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە بەشداری نێوەندگێڕە عەرەبەکان لە دانوستانەکانی دەوحە و ملکەچبوونی دەزگا هەواڵگرییەکانی عەرەب بە داواکارییەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ئەمە واشنتن بۆ پشتیوانی زیاتر لە ڕژێمی زایۆنیستی و بەردەوامی کوشتارەکانی لە غەززە هان دەدات.
ئەو شرۆڤەکارەی جیهانی عەرەب داوای لە سەرکردەکانی عەرەب کرد باس لە دەسکەوتەکان بکەن و واز لە خزمەتکردنی نتانیاهۆ و ژنڕاڵەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بێنن و چیدی پێداویستییە خۆراکییەکانی ئەو ڕژێمە لە سنورە وشکانییەکانی خۆیان لە گەڵ ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین دابین نەکەن، بە تایبەت ئەوەی کە ناتوانن یەک گۆنی ئارد و دەبە ئاوێک و یەک کارتۆن دەرمان بۆ لێقەوماوانی غەززە بنێرن.
عەتوان بە ئاماژە بە ناردنی نێردە سیاسی و سەربازییەکانی ئەمریکا و بە تایبەت ناردنی کەشتییە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایگەیاند کە خۆڕاگری بە تایبەت یەمەنییەکان لەم پلانەی ئەمریکییەکان نەترساون و سەرۆکی حەماسیش بە دڵنیایی لە شوێنی مانەوەی لە غەززە، دۆخەکە لە گەڵ جێگرانی خۆی بەڕێوە دەبات و ئەم تێکۆشەڕە توانای سەرکردایەتی گەلی فەڵەستین و تەنانەت جیهانی عەرەبیشی هەیە./.