بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە نامەیەکدا ناوی ئەندامانی کابینەکەی بە مەبەستی بەدەستهێنانی متمانە ڕەوانەی پەرلەمان کردووە.
وەزیری پێشنیارکراوی پیشەسازی، کانزا و بازرگانی لە کابینەکەی مەسعود پزیشکیان، کەسێکە بە ناوی سەید محەممەد ئەتابەک.
ناوبراو ماستەرە لە بواری ئەندازیاری ئاوەدانکردنەوە لە زانکۆی میشیگانی ئەمریکا. کارگێڕی گشتی و جێگری دەستەی سەرۆکایەتی کۆمپانیای چیمەنتۆی تاران، کارگێڕی گشتی و جێگری دەستەی سەرۆکایەتی کۆمپانیای ئێکباتان، ئەندام و سەرۆکی دەستەی سەرۆکایەتی چەندین کۆمپانیای وەک سەرمایەگوزاری بانکی خانوبەرە، سەدرا و ….. بووە.
ئەتابەک هەروەها جێبەجێکاری چەندین پرۆژەی گەورەی وەک نەواب، نەخۆشخانەکان، کارگەکانی چیمەنتۆ و ئاسن لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران بووە.
لە کارنامەی ئەتابەکدا هەروەها چەندین پۆستی دیکەی وەک سەرۆکی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی چیمەنتۆ، سەرۆکی دەستەی سەرۆکایەتی چیمەنتۆی تاران، ئەندامی ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی وەزارەتی پیشەسازی و پەرلەمانی ئێران دەبینرێت./.