بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید حەسەن نەسروڵڵا لە ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی شەهیدی فەرماندە فۆئاد شوکر کە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە لە باشوری بەیروت شەهید کرا، وتی: دوژمن ئەمڕۆ بە هۆی شکستە بەردەوامەکانی لە گۆڕەپانی شەڕدا ڕووی هێناوەتە تاوانی تیرۆری فەرماندە و بەرپرسانی باڵا.
ناوبراو وتی: ئەوەی ڕوویداوە بەشێکە لەو شەڕەی کە لە سەرەتای دامەزراندنی ڕژێمی زایۆنیستییەوە لە ساڵی 1948 بە پشتیوانی ئەمریکا دەستیپێکردووە و هەروەها بەردەوامە.
سەید حەسەن نەسروڵڵا هاوخەمی خۆیی بە بۆنەی شەهیدبوونی ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە تاران دەربڕی و وتی: ئێمە لە شەڕێکی گەورەداین، شەڕێکی هەمەلایەنە لە سەرجەم بەرەکان کە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ.
ناوبراو وتی کە حزبوڵڵا هیچ پەیوەندییەکی بە ڕووداوەکەی مەجدەلشەمسەوە نەبووە و تۆمەتبارکردنی لە لایەن ڕژێمی تاوانباری زایۆنیستییەوە ڕەتدەکەینەوە.
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان وتی: دوژمن وا دەزانێت ئێران لە بەرامبەر تیرۆری ئیسماعیل هەنیە لە تاران و پێشێلکردنی سەروەری ئەم وڵاتە بێدەنگ دەبێت، بەڵام وا نییە و زایۆنیستەکان دەبێت بزانن لە چ هێڵێکی سوور تێپەڕ بوون و دەبێت خۆیان بۆ تۆڵەیەکی گەورە ئامادە بکەن.
ناوبراو وتی: تیرۆری سەرکردەکان و فەرماندەکان کاریگەریی لە سەر بەرەی خۆڕاگری نابێت و ئەزموونەکانی ڕابردوو ئەوەیان سەلماندووە کە ئەم تیرۆرانە دەبنە هۆی بەهێزبوون و بەردەوامی خۆڕاگری.
سەید حەسەن نەسروڵڵا وتی: بە لایەنگران و خەڵک دڵنیایی دەدەین کە شوێنی سەرکردە و فەرماندە شەهیدکراوەکان بە خێرایی پڕ دەکەینەوە و ژمارەیەکی زۆر لەو فەرماندە تایبەتمەندانەمان هەیە.
وتیشی کە وەڵامی تاوانی شەهیدکردنی فەرماندە فۆئاد شوکر بە توندی دەدەینەوە و دوژمن دەبێت بزانێت لە نێوان ئێمە و ئەواندا ڕۆژ و شەو و گۆڕەپانێک هەیە./.