بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەسعود پزیشکیان لە چاوپێکەوتنی محەممەد عەبدولسەلام سەرۆکی شاندی دانوستانکاری حکومەتی یەمەن لە تاران، هیوای خواست کە بە هاوکاری و یەکڕیزی وڵاتانی ئیسلامی کۆتایی بە ستەم و چەوسانەوەی موسڵمانان بهێندرێت.
پزیشکیان ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و یەمەن پشت بە بیر و بڕوا و کەلتورێکی هاوبەش دەبەستێت و وتی: پشتیوانییەکانی یەمەن لە گەلی فەڵەستین لە بەرامبەر تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی زۆر گرنگ و کاریگەر بووە و بە ڕوونی گوشاری خستووەتە سەر ئەو ڕژێمە و لایەنگرانی. خۆڕاگری گەلی یەمەنیش لە بەرامبەر گوشارەکان و دوژمنایەتی ستەمکاران زۆر بەنرخ و جێی دەستخۆشییە.
ناوبراو جەختیکردەوە کە پەیوەندی نێوان ئێران و یەمەن لەم خولەدا بەهێزتر لە ڕابردوو دەبێت و وتی: یەکڕیزی و پێکەوەبوون، هێزی وڵاتانی ئیسلامی زیاتر دەکات و ئەگەر سەرجەم وڵاتانی ئیسلامی هاوڕێ و هاوئاهەنگ بن، پیلانگێڕییەکان لە دژی وڵاتانی ئیسلامی بە تەواوی شکست دێنێت.
لەو چاوپێکەوتنەدا محەممەد عەبدولسەلام سەرۆکی شاندی دانوستانکاری یەمەن ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی هەڵوێستێکی شەرەفمەندانەی بۆ بەرگری لە گەلی فەڵەستین و بەرژەوەندییەکانی گەلانی موسڵمان هەڵبژاردووە و وتی: هیوادارین هاوکارییەکانی ئێمە و کۆماری ئیسلامی ئێران لە پێناو دابینکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان زیاتر ببێت./.