بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەسعود پزیشکیان لە چاوپێکەوتنی زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین لە تاران، ئەم چاوپێکەوتنەی بە پەیامێکی گرنگ بۆ ئەو کەسانە ناو برد کە دەیانەوێت مەودایەک لە نێوان ئێران و گرووپەکانی خۆڕاگری درووست بکەن، بە تایبەت لە گەڵ برایان و تێکۆشەرانی فەڵەستینی.
مەسعود پزیشکیان ڕایگەیاند کە هەڵوێست و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پشتیوانی و بەرگری لە زوڵملێکراوان، گەلی فەڵەستین و ئازادی قودس، بە گۆڕینی حکومەتەکان تووشی گۆڕانکاری نابێت و هیچ هۆکارێک ناتوانێت ئەم ئیرادە بەهێزەی ئێران بگۆڕێت.
ناوبراو وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵ دەدات بە ڕوونکردنەوەی زیاتری تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، دیپلۆماسیەتی بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڕژێمە تاوانبارە زیاتر لە وڵاتانی ئیسلامی و لە گەڵ سەرجەم وڵاتانی سەربەخۆ و ئازادیخواز بەرەو پێش ببات و برایان و خوشکانی فەڵەستینیی خۆی لە بەرامبەر تاوانە دژە مرۆییەکانی زایۆنیستەکان بە تەنیا نەهێڵێتەوە.
هەروەها زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین لەو چاوپێکەوتنەدا ڕایگەیاند کە گەلی فەڵەستین هیچ کات پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بیر ناکەن و وتی: ئەم چاوپێکەوتنە لە ڕۆژانی سەرەتایی دەستبەکاربوونی بەڕێزتان وەک سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران پەیامێکی گرنگی بۆ ناوچەکە و جیهان هەیە./.