بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەو داتایانەی لەم کەیسەدا بڵاوکراونەتەوە دەریانخستووە کە ئەو وەبەرهێنانانەی لە کەرتی بیناسازی فەرەنسا پێش دەستپێکردنی چالاکییەکە ئەنجامدراون، ئەم پیشەسازییەی زیندوو کردەوە و ژمارەی زۆری سەردانکەران بووە هۆی زیادبوونی خواست و چالاکیی لە کەرتەکانی خزمەتگوزاریدا. ئۆڵۆمپیادی پاریس ساڵی ٢٠٢٤ بووەتە پڕفرۆشترین یارییە ئۆڵۆمپیەکان لە مێژووی ئەم ڕووداوەدا، نرخی بلیتەکان لە نێوان ٩٧ دۆلارەوە بۆ زیاتر لە ٢٩٠٠ دۆلار بووە و گرانترین خاوەن بلیتەکان پاکێجێکی خواردنیان بە ٤٢٠٠ دۆلار کڕیوە.
هەروەها بە پێی ڕاپۆرتی فەرمانگەی گەشتوگوزاری پاریس، گەشتیاران لە پایتەختی فەرەنسا لەم بۆنەیەدا 2.8 ملیار دۆلار خەرج دەکەن و پێشبینی دەکرێت خەرجی گەشتیاری یارمەتی ئابوری فەرەنسا بدات، بەڵام وەک دەزانین هەڵاوسان و تێچووی ژیان لە فەرەنسا بەرزبوونەوەیەکی زۆری هەبووە.
بودجەی فەرمی ئۆڵۆمپیادی پاریس بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بە ٩.٥ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، هەروەها خەرجییەکانی وڵاتی میواندار بۆ ماوەی چالاکییەکە بە ١٠.٨ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، هەروەها داتاکانی ڕێکخراوی توێژینەوەی سەنتەری یاسا و ئابوریی وەرزش (CDES) دەریدەخات کە ئەم یارییانە پێشبینی دەکرێت 7.2 بۆ 12 ملیار دۆلار یارمەتیدەری پاریس بن.
بە پێی ڕاپۆرتی لێژنەی ڕێکخەری ئۆڵۆمپیاد و پارالۆمپیکی پاریس ٢٠٢٤، ئەم چالاکییە هەلی کار بۆ ١٨١ هەزار کەس دەڕەخسێنێت و وەکو لیڤەرێک کاردەکات بۆ بەرزکردنەوەی چالاکییە ئابورییەکان و هەلی کار.
ڕێکخراوی ئاماری حکوومەتی فەرەنسا، INSE، ڕۆژی 9ی تەمموز ڕایگەیاند، ئابوری فەرەنسا لە یارییە ئۆڵۆمپیەکانی پاریسەوە لەم چارەکەدا سەرکەوتوو دەبێت و گەشەی ئابوری بە ڕێژەی 0.3% بە هاوکاری خەرجییە وەرزشییەکان مسۆگەر دەبێت.
گەشەی ئابوری لە چارەکی مانگی تەمموز – ئەیلولدا کاریگەری دەبێت بە هۆی زیادبوونی گەشتیاری، هەروەها فرۆشتنی بلیت و مافی بڵاوکردنەوەی یارییەکان.
ئۆڵۆمپیاد گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی (GDP) لە چارەکی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤دا بە ڕێژەی لەسەدا ٠.١ کەمدەکاتەوە، چونکە هەندێک لە کاریگەرییە یەکجارەکییەکانی پەیوەست بە یارییەکانەوە کاڵ دەبنەوە، هەروەها گریمانەکانی لە سەر بنەمای ئەو کاریگەرییانەی لە لەندەن بینراوە لە لەم ماوەیەدا و دوای یارییەکانی ساڵی ٢٠١٢، پێشکەشی کردووە.
بە پشتبەستن بەو خەمڵاندنانەی سەرەوە، ئابوری بەریتانیا لە چارەکی سێیەمی ساڵی ٢٠١٢دا بە ڕێژەی ٠.٢ بۆ ٠.٣ خاڵ گەشەی کردووە و گەشەی گشتی لەم ماوەیەدا ١% بووە. لەندەن و پاریس دوو پایتەختی ئەورووپان کە ئابوری پێشکەوتوو و کەرتی گەشتیاری بەرچاو و ژێرخانی شارستانی بەردەوامیان هەیە. بەراوردکردن لە گەڵ خولەکانی پێشووی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد لە ڕیۆ دی جانیرۆ لە ساڵی ٢٠١٦ و تۆکیۆ لە ساڵی ٢٠٢١ لە کاتی پەتای Covid-19 کەمتر پەیوەندی بەو ڕووداوەی ئێستاوە هەیە.
ئابووری فەرەنسا بە گشتی لە چارەکی سێیەمدا بە ڕێژەی 0.5% و لە ساڵی 2024دا بە ڕێژەی 1.1% گەشە دەکات. هەروەها بەهۆی هەڵبژاردنە بێ ئەنجامەکانی پەرلەمانی ٧ی تەمموزەوە پێکهاتە و بەرنامەی سیاسی حکومەتی داهاتوو تا ئێستا نادیارە، پەرلەمان بە سەر سێ گروپی چەپ و میانڕەو و ڕاستڕەوی تونددا دابەش بووە و هیچیان زۆرینەیان نەبووە.
دۆریان ڕۆشێر، سەرۆکی بەشی ئابوری لە کۆمپانیای INSE ڕایگەیاند، پێشبینی گەشەسەندنەکە مەترسییەکی گەورەی لە گەڵدایە، کە ئەویش دۆخی سیاسی فەرەنسایە. زۆر ئەستەمە دەستکەوتە ئابورییەکانی ئەو شتانەی کە پێیان دەوترێت “ڕووداو و ڕووداوە گەورەکان”، وەک مۆندیالی تۆپی پێ و یارییە ئۆڵۆمپیەکان بخەمڵێندرێت.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، ئەو کارە بیناسازییەی کە پێش هەر یارییەک ئەنجام دەدرێت یارمەتی بەرزکردنەوەی هەلی کار و گەشەکردن دەدات لە ماوەی دواتردا، هاوکات سەردانیکەرانی بیانی زیادە و چالاکییە بازرگانییەکانی دیکەی وەک فرۆشتنی بلیت و خواردنی خواردن و خواردنەوەش یارمەتیدەرن بۆ دروستکردنی سامان. بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا ئۆڵۆمپیاد دەتوانێت چالاکی گەشتیاری سەرکوت بکات، بەرزبوونەوەی نرخی هۆتێل و گەشتەکان بەشێک لە سەردانکەران ڕابگرێت و خەرجییەکانی بەکاربەران کاریگەرییان لە سەر دەبێت ئەگەر خەڵک لە ماڵەوە بمێننەوە و سەیری وەرزش بکەن.
زۆرێک لە زنجیرە هۆتێلەکان و کۆمپانیاکانی دیکەی بەشدار لە کەرتی گەشتیاری پاریس گلەیییان لە دابەزینی ژمارەی سەردانکەران لە پایتەختی فەرەنسا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا کردووە، بەهۆی ئەوەی گەشتیارانی ئاسایی بیانی دوور دەکەونەوە و کاریگەرییەکانی ئۆڵۆمپیاد بەهۆی خراپی کەشوهەوا زیاتر دەبن.
هێڵی ئاسمانی فەرەنسا، ئایر فرانس-کەی ئێڵ ئێم، سەرەتای مانگی تەمموز هۆشداری دابوو کە ئۆڵۆمپیاد داهاتەکەی تا ١٨٠ ملیۆن یۆرۆ کەمدەکاتەوە و ئاماژەی بەوەدا کە خۆدزینەوەیەکی بەرچاوی نێودەوڵەتی لە پاریس هەیە.
پێشبینییەکی جیاواز بۆ ئابوری فەرەنسا کە لەم دواییانەدا لە لایەن ڕوانگەی ئابوری سەربەخۆی فەرەنسا بڵاوکرایەوە پێشبینی “بەرزبوونەوەی کەمی گەشەسەندن”ی کردووە لە چارەکی سێیەمدا کە پەیوەندی بە ئۆڵۆمپیادەوە هەیە، بە جۆرێک گەشەی گشتی 0.3%، لە خوار ئەو 0.5%ەی کە ئینسێ بینیویەتی./.