بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیمانۆیل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا ئەمڕۆ دووشەممە 29 ی تەمموزی 2024 لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا لە گەڵ مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک کۆمار کرد.
سەرۆک کۆماری فەرەنسا لەو وتووێژەدا، پێشوازیی لە تێڕوانینی سەرۆک کۆماری نوێی ئیسلامی ئێران کرد بە مەبەستی هاوکاری و هاوسەنگی لە سیاسەتی دەرەوە و هیوای خواست کە پەیوەندییەکانی ئێران و فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپی لەم خولەی سەرۆکایەتیدا بەرز ببێتەوە.
مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانیش مێژووی پەیوەندییەکانی تاران و پاریس ی بە بەستێنێکی گونجاو بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات ناو برد و ئامادەیی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان لە گەڵ فەرەنسا لە سەر بنەمای ڕاستگۆیی و متمانەی هاوبەش ڕاگەیاند.
پزیشکیان ئامادەیی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ درێژەدان بە دانوستانی هەڵگرتنی سزاکان لە چوارچێوەی ڕێکەوتن لە سەر کراو، جێبەجێکردنی سەرجەرم بەڵێنەکانی لایەنەکان و ڕاگرتنی گوشار و سزا زاڵمانەکان لە دژی گەلی ئێران، دەربڕی.
ناوبراو لە سەر هەر هەڵەیەکی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ هێرشکردنە سەر لوبنان هۆشدارییدا و ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی غەززە و جێگیربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە هەموو هەوڵێک بە کار دێنێت و چاوەڕوانی ئەوەش دەکات وڵاتانی دیکە پابەندی ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان لە بەرامبەر خەڵکی زوڵملێکراوی غەززە بن./.