بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر کەنعانی بە ئاماژە بە بەیاننامەکەی حزبوڵڵای لوبنان و هەڵوێستی چەندین گەورە بەرپرسی ئەم وڵاتە و ڕەتکردنەوەی ڕۆڵی خۆڕاگری و لایەنەکانی لوبنان لە هێرشەکەی مەجدەلشەمس، وتی: ڕژێمی ڕەگەزپەرستی زایۆنیستی لە پاش دە مانگ کوشتار و کۆمەڵکوژی لە کەرتی غەززە، بە سیناریۆیەکی ساختە، هەوڵی بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی جیهانی لە تاوانەکانی خۆی لە فەڵەستین دەدات.
ناوبراو وتی: ڕژێمی زایۆنیستی لەو پێگەیەدا نییە کە سەبارەت بە ڕووداوەکەی مەجدەلشەمس لێدوان بدات و دادوەری بکات و بانگەشە و پڕوپاگەندەکانی ئەو ڕژێمەش لە سەر ئاستی جیهان کڕیاری نییە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیری لوبنانی لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بە ئەرکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تایبەت ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ناو برد و جەختیکردەوە کە هەر جۆرە هەنگاوێکی هەڵەی ڕژێمی زایۆنیستی دەتوانێت بەستێنی ناسەقامگیری و ئاڵۆزی و هەڵگیرسانی شەڕی ناوچەیی دابین بکات کە لە وەها ئەگەرێکدا تەل ئەبیب بەرپرسی سەرەکی لێکەوتەکانی دۆخی ناوچەکە دەبێت و باجی وەها سیاسەتێکی هەڵەش دەداتەوە.
ناسر کەنعانی هەروەها وتی: ئەمریکییەکان لە جێی پڕچەککردنی بەردەوامی ڕژێمی زایۆنیستی و پێدانی چەکە کۆمەڵکوژەکان و پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانە تاوانبارەکەی ئەو ڕژێمە پاش دە مانگ تاوان و کۆمەڵکوژی ژنان و منداڵانی غەززە، پابەندی ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی لە بەرامبەر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی بێت و ڕێگری لەوە بکات کە ڕژێمی زایۆنیستی ببێتە هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕێکی نوێ کە کاریگەرییەکانی دیسانەوە بەرۆکی زایۆنیستەکان دەگرێتەوە./.