بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئێسحاق بریک ژنڕاڵی زایۆنیست دیسانەوە بە توندی ڕەخنەی لە بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئەو ڕژێمە و سەرکردە سەربازییەکانی گرت و وتی: فەرماندە و سەرکردە سەربازییەکان هێشتا دان بەوەدا نانێن کە ئامانجی سەرەکی واتە لەناوبردنی حەماس مسۆگەر نەبووە، ئەوان هێشتا خەڵک فریو دەدەن. لە سەدا 80 ی تونێلەکانی حەماس وەک خۆیان ماونەتەوە و ژمارەی هێزەکانیشی دەیان هەزار کەس دەبێت. سوپا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا نەیتوانیوە ڕێگری لە درووستکردنی تونێلەکان بکات.
ناوبراو وتی: حەماس بوونی ماوە و بە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە لە سەر ئیسرائیل هەژمار دەکرێت و هەر ڕۆژێک کە بە سەر ئەم شەڕەدا تێپەڕ دەبێت تەل ئەبیب لە سەر ئاستی جیهان پەراوێزکەوتووتر دەبێت و تێکچوونی ئابوری و ناکۆکییە ناوخۆییەکانیش زیاتر دەبن.
ئەو ژنڕاڵەی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی پەیامێکی ئاراستەی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئەو ڕژێمە کرد و وتی:با پاش 6 مانگ کۆبوونەوەیەکمان هەبێت و ڕوون ببێتەوە کام یەک لە ئێمە قسەی ڕاست دەڵێت؟ ئێوە بە ناچار دەبێت وەڵامی خەڵک بدەنەوە کە بۆ بە هۆی خەیاڵی لەناوبردنی حەماس، ئیسرائیلتان بەرەو هەڵوەشانەوە بردووە. ئەم شکستەی ئێوە لە لاپەڕەکانی مێژوودا تۆمار دەکرێت./.