بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میدیاکانی ڕژێمی زایۆنیستی هەواڵی کۆبوونەوەیەکی نهێنییان لە نێوان ئیمارات، ئەمریکا و ئەو ڕژێمە سەبارەت بە داهاتووی غەززە بڵاو کردووەتەوە.
ئەو کۆبوونەوە بە ئامادەبوونی ڕون دێرمێر ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ کاروباری ستراتیژی لە گەڵ بەرپرسی بەشی سیاسی لە وەزارەتی شەڕی ئەو ڕژێمە، عەبدوڵڵا بن زاید وەزیری دەرەوەی ئیمارات و برێت مەکگۆرک ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەچوو.
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست سەبارەت بە پیلانەکە ڕایگەیاندووە کە ئیمارات پێشنیاری کردووە کۆنتڕۆڵی غەززە لە پاش شەڕی ئێستا ڕادەستی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین بکرێت.
خاڵی بەرچاو ئەوەیە کە ئیمارات بەڵێنی ئەوەی بە ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکا داوە کە تاقمێکی نوێی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین بە سەرۆکایەتی سەلام فەیاز کۆنتڕۆڵی غەززەی بە دەستەوە بێت.
سەلام فەیاز لە ساڵانی 2007 تا 2013 سەرۆک وەزیرانی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین و لە ساڵانی 2002 تا 2005 یش وەزیری دارایی ئەو دەسەڵاتە بووە. بژاردەی سەلام فەیاز لە کاتێکدا لە لایەن ئیمارات (ڕەنگە بە پێشنیاری محەممەد دەحلان) خراوەتەڕوو کە ئەمریکا پێی باشە محەممەد مستەفا سەرۆک وەزیرانی ئێستا لە داهاتوویەکی نزیکدا بکرێتە جێگرەوەی مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین. ڕژێمی زایۆنیستیش بژاردەی حوسێن شێخ بەرپرسی نووسینگەکەی مەحمود عەباس ی خستووەتەڕوو.
ئیماراتییەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بە پێی پلانەکەیان کۆنتڕۆڵی غەززە لە ساڵی یەکەمدا بەڕێوەبردن و دابەشکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بە هاوکاری ستافی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین لە خۆ دەگرێت. بەرپرسیارێتی کاروباری ئەمنی لە ژێر چاودێری ئەمریکا (لە ڕێگای بنکەی سەربازی لۆجستی لە میسر) و بە بەشداری وڵاتانی عەرەبیی قەتەر، میسر، مەغریب و وڵاتانی وەک ئیتالیا، بەرازیل و ئەندونیزیا دەبێت. لەم پلانەدا هیچ ئاماژەیەک بە ناوی سعوودیە نەکراوە.
ئیماراتییەکان هەروەها پێشنیاری ئەوەیان کردووە کە ئەم پلانە بۆ ڕێگری لە ئەگەری ڤیتۆکردنی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە کۆمەڵەی گشتی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پەسەند بکرێت. دەوترێت ئەم پلانە لە لایەن لانا نۆسەیبە باڵیۆزی ئیمارات لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئامادە کراوە. ناوبراو لە وتارێکدا ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بە پلانەکەی دابوو.
لانا کە بەڕەگەز فەڵەستینییە، داوایکردووە کە گرووپێکی نێودەوڵەتی بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانی مرۆیی لە غەززە پێک بهێندرێت تا لەم ڕێگایەوە ئارامی و سەقامگیری بۆ غەززە بگەڕێتەوە و لە داهاتوودا هەر ئەم گرووپە بکرێتە بنەمایەک بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی غەززە. پێدەچێت لە دەرەوەی ئەم ڕواڵەتە دیپلۆماسییانەی لانا نۆسەیبە، ئەم پلانە لە ڕووی سیاسی و ئەمنییەوە درووستکراوی دەستی کەسێک بە ناوی محەممەد دەحلان بێت.
خاڵی بەرچاوی دیکە سەبارەت بە پیلانەکەی ئیمارات ئەوەیە کە ڕون دێرمێر نوێنەری ڕژێمی زایۆنیستی لە دانوستانە سێقۆڵییەکە، ڕەزامەندیی لە سەر دەربڕیوە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی پێشتر ئەوەی ڕەتکردووەتەوە کە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین هیچ ڕۆڵێکی لە داهاتووی غەززەدا بێت.
پیلانەکەی ئیمارات گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستیی بە دەست هێناوە و دەبێت لەو غەززەیەدا جێبەجێ بکرێت کە هێشتا بزوتنەوەی حەماس بەدەر لە بواری سەربازی، لە ڕووی سیاسی و کارگێڕیشەوە قسەی یەکەم لەم ناوچەیەدا دەکات./.