بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش دەسدرێژییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر بەندەری حودەیدەی یەمەن و بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و شوێنە ناسەربازییەکان، ئامادەکاری یەمەنییەکان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکە زیاتر بووە و خاڵی نیگەرانی بۆ زایۆنیستەکان ئەوەیە کە یەمەنییەکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕژێمە تەل ئەبیب هیچ یاسا و هێڵێکی سوور ناناسن.
بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا و هێزە چەکدارەکانی یەمەن بەڵێنی ئەوەیان داوە کە بە بێ پابەندبوون بە هیچ یاسایەکی شەڕ، درێژە بە هێرشەکانی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی دەدەن و کۆمەڵە زانیارییەکیان لە سەر ناوەندە هەستیارەکانی ئەو ڕژێمە هەیە و زایۆنیستەکان دەبێت چاوەڕوانی سوپرایزێکی گەورەی یەمەن بێت.
لیوا یەحیا سەریع وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن چەندین جار ڕایگەیاندووە کە یەمەن بانکی زانیاریی لە سەر ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین هەیە و ناوەندە هەستیارە ئەمنی و سەربازییەکانی ئەو ڕژێمە لە خۆ دەگرێت.
زایۆنیستەکان لە دۆخی ترس و چاوەڕوانیدان
ڕۆژنامەی عیبری زمانی یدیعۆت ئاحارانۆت لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە هەڕەشەی یەمەنییەکان لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی، ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا کۆمەڵگای زایۆنیست لە دۆخێکی چاوەڕوانی و ترس و هەروەها گومانی لاوازبوونی سیستەمی بەرگری و توانا سەربازییەکانی سوپادایە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشە و هێرشی یەمەنییەکان بۆ شارە گەورەکاسنی وەک تەل ئەبیب، حەیفا و ئیلات. هەروەها وەڵامەکانی یەمەن بۆ هێرشەکەی حودەیدە ڕەنگە بە شێوازی جۆربەجۆر بکرێت و ڕەنگە هێرشی یەمەنییەکان بۆ سەر کەشتییە پەیوەندیدارەکان بە ڕژێمی زایۆنیستی پێشتر جێبەجێ بکرێت.
سیناریۆکانی یەمەن بۆ وەڵامدانەوەی دەسدرێژیی زایۆنیستەکان
شرۆڤەکارانی زایۆنیست لەو بڕوایەدان کە یەمەنییەکان بە تەکتیکی جیاواز وەڵامی هێرشەکەی حودەیدە دەدەنەوە، بۆ نموونە، هێرشێکی یەکگرتوو کە تێیدا چەکە جۆربەجۆرەکان لە یەک کاتدا دژ بە ئامانجە دیاریکراوەکان لە فەڵەستینی داگیرکراو بەکار دێن.
لەم نێوەندەدا هەندێک لێکدانەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە لایەن یەمەنییەکانەوە بۆ هێرشکردنە سەر ڕادارەکانی بەرگری ئاسمانیی ڕژێمی زایۆنیستی لە قۆناغی سەرەتایی هێرشێکی گەورەدایە و دوای ئەوەش هێرشی مووشەکی بە مووشەکی بالستی و کرۆز و ….. دەست پێدەکات، هەر بۆیە لە دۆخێکدا کە زیان بە بەرگری ئاسمانیی ڕژێمی زایۆنیستی گەیشتووە، ئەو مووشەکانە دەتوانن ئۆپەراسیۆنەکانیان بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدەن.
لە یەکێک لەو سیناریۆیانەدا کۆمەڵێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی یەمەنی سیستەمی بەرگری ئاسمانیی ڕژێمی زایۆنیستی دەخەنە بەر هێرش و پەلاماری خۆیان، ئەمەش ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ گرووپێکی دیکەی گەورەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە دزە بکەنە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین و هێرش و ئۆپەراسیۆنی هەواڵگریی ئەوان دەست پێدەکات.
هەڵسەنگاندنی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی ڕژێمی زایۆنیستی پیشان دەدات کە بەدەر لە مووشەکی پێشکەوتوو، بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن خاوەنی چەندین جۆری پێشکەوتووی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە، وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەماد ی 3 کە مەودای نێوان 1500 تا 2000 کیلۆمەتر دەبڕێت، هەروەها سەماد ی 4 کە دەگاتە مەودای زیاتر لە 2000 کیلۆمەتر. فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی وەعید چەکێکی دیکەی پێشکەوتووی یەمەنە کە دەتوانێت مەودایەکی 2500 کیلۆمەتری ببڕێت و بگاتە تەل ئەبیب.
لە سەر ئاستی دەریاییش یەمەنییەکان جبەخانەیەکی گەورەیان هەیە کە نزیکەی 10 سیستەمی مووشەکی جیاوازیان هەیە، بۆ نموونە، مووشەکی بالستی دژە کەشتی بە مەودای تا 800 کیلۆمەتر، بەلەمە خۆکوژییەکان و هەروەها یەکەی دەریایی کە تواناکانی خۆیان لە ماوەی ڕابردوودا سەلماندووە.
بانکی ئامانجەکانی یەمەن لە فەڵەستینی داگیرکراو
پاش هێرشە درۆنییەکەی یەمەن بۆ تەل ئەبیب ڕوون بووەتەوە کە یەمەنییەکان لە بەئامانجگرتنی هەر پێگەیەکی هەستیار لە هەر ناوچەیەکی فەڵەستینی داگیرکراو، هیچ دوودڵییەکیان نییە.
مونیر شەحادە شرۆڤەکاری کاروباری سەربازیی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە یەمەنییەکان وەڵامی هێرشەکەی بەندەری حودەیدە دەدەنەوە و هێرش دەکەنە سەر ناوەندە ستراتیژییەکان و بانکێکی زانیارییان هەیە و بە هێرشێکی یەکگرتوو و لە لایەن مووشەک و درۆنەکانەوە وەڵامی ئەو هێرشەی حودەیدە دەدەنەوە.
موعین مەناع شرۆڤەکارێکی دیکەی کاروباری سەربازیی ڕژێمی زایۆنیستییە کە ڕایگەیاندووە سەرجەم گرووپەکانی خۆڕاگری لە دەرەوەی فەڵەستین، بە حزبوڵڵای لوبنان، ئەنساروڵڵای یەمەن و گرووپەکانی عێراقەوە، هەموویان لە بەرەیەکی یەکگرتوودان بۆ پشتیوانیکردنی فەڵەستین و کەرتی غەززە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ڕوون و ئاشکرایە ئاستێکی بەرزی هاوکاری و هاوئاهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان ئەو گرووپانەدا هەیە بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکانیان لە دژی تەل ئەبیب. لەم چوارچێوەدا حزبوڵڵای لوبنان لە ڕێگای درۆنی هودهودەوە وێنە و زانیاری گرنگی لە ناوەندە هەستیارەکان کۆکردووەتەوە و ئاساییە کە ئەو زانیارییانە ڕادەستی ئەنساروڵڵای یەمەن بکات./.