بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕژێمی زایۆنیستی شەممەی ڕابردوو چەند شوێنێکی بەندەری حودەیدەیان لە یەمەن کردە ئامانج، هێرشەکە سێ شەهید و دەیان برینداری لێکەوتەوە و زیان بە ژێرخانەکانی وزەی یەمەن گەیشت.
کاردانەوەی بەرپرسانی باڵای ئەنساروڵڵای یەمەن لە بەرامبەر هێرشی زایۆنیستەکان گرنگ بوو و یەحیا سەریع وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن ڕایگەیاند کە هەڵوێستی سەنعا بۆ پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستین بە تایبەت دانیشتووانی غەززە تووشی هیچ گۆڕانکارییەک نابێت.
بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانە تاوانبارەکەی ڕژێمی زایۆنیستی و بەرپرسانی دیکەی ئەو ڕژێمە لە کاردانەوەیان بەرامبەر بە هێرشە بەردەوامەکانی ئەنساروڵڵای یەمەن کە لە دوایین نموونەدا شاری تەل ئەبیبی کردە ئامانج، هەوڵیاندا هێزی بەرگری لەدەستچووی خۆیان بگەڕێننەوە و تەل ئەبیب بە بەهێزی پیشان بدەن، هەر بۆیە بە هێرشەکەی حودەیدە لە ئاستی سیاسی، ئەمنی و سەربازی بە هێرشێکی گەورە پیشانیاندا.
هەینی ڕابردوو ئەنساروڵڵای یەمەن بە درۆنی یافا و پاش بڕینی مەودایەکی نزیک 2 هەزار کیلۆمەتری هێرشی کردە سەر شاری تەل ئەبیب و لە ئەنجامدا زایۆنیستێک کوژرا و 10 کەسی دیکەش بریندار بوون و گرنگتر لەوەش ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر باڵی بە سەر شارەکەدا کێشاوە و ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانیشی لە دژی حکومەتەکەی نتانیاهۆ زیاتر کردووە.
نتانیاهۆ بە نمایشی هێرشەکەی حودەیدە دەیەوێت ئەوە بە زایۆنیستەکان بڵێت کە ڕژێمی زایۆنیستی هێشتا بەهێزە. هەروەها دەیەوێت بە دانیشتووانی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین بڵێت کە هێزی بەرگری ڕژێم دەتوانێت ئەوان بپارێزێت.
سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی هەروەها هەوڵی ئەوەیداوە لە ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان بەرامبەر بە خۆی و حکومەتەکەی کەم بکاتەوە کە لە پاش ڕووداوەکانی 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 ەوە بەردەوام ڕووی لە زیادبوون کردووە.
ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسای بزوتنەوەی حەماس، شەڕی غەززە و ڕووداوەکانی دواتر بە تایبەت هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی ئێران، هێرشەکانی حزبوڵڵا و ئەنساروڵڵای یەمەن بووە هۆی دەرکەوتنی خاڵە لاوازەکانی ئەو ڕژێمە بە تایبەت لە ڕووی هەواڵگری، سەربازی و بەرگرییەوە.
ئامانجی ڕژێمی زایۆنیستی لە هێرشەکەی سەر یەمەن ئەوەیە کە خۆی بە بەهێز پیشان بدات، زایۆنیستەکان پێشتر حاشایان لە هێرشەکانی یەمەن دەکرد بەڵام ئەوەی کرایە سەر تەل ئەبیب نەتوانرا بشاردرێتەوە و حکومەتەکەی نتانیاهۆی تووشی شڵەژانێکی ناوخۆیی کردووە./.