بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەبدولمەلک بەدرەدین حوسی لە کاردانەوەی بەرامبەر بە هێرشەکەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر یەمەن، وتی: تەل ئەبیب ڕۆژی شەممە دەسدرێژییەکی ڕاستەوخۆی کردە سەر کۆگاکانی کۆمپانیاکانی نەوت و کارەبا لە بەندەری حودەیدە.
ناوبراو وتی: هێرشەکەی دوژمنی زایۆنیستی لە چوارچێوەی بە ئامانجگرتنی ئابوری یەمەن و لە درێژەی ئەو شەڕە ئابورییەی ساڵانی ڕابردووە کە هەوڵ دەدات ژیان و بژێوی خەڵکەکەی ئێمە لە ناو ببات. دوژمن ئامانجێکی دیکەی هەیە و ئەویش هەوڵ دەدات دیمەنی ئاگرکەوتنەوەکانی ڕۆژئاوای یەمەن وەک دەسکەوتێکی گەورە بە خەڵکە ترساوەکەی بفرۆشێتەوە.
سەرۆکی ئەنساروڵڵا وتی: ڕژێمی زایۆنیستی دەیەوێت بە خەڵکە ترساوەکەی پیشان بدات لە هێرشەکەی سەر یەمەن گەیشتووەتە ئامانجەکانی و دەسکەوتی گەورەی بە دەست هێناوە.
ڕاشیگەیاند کە پشتیوانی هێزە چەکدارەکانی یەمەن کاریگەری بەرچاوی لە سەر داگیرکاری زایۆنیستەکان هەبووە و لە ڕووی ئابورییەوە زیانی زۆری بەو ڕژێمە گەیاندووە.
سەید عەبدولمەلک حوسی وتی: ئەگەر هێرشەکان لە دژی یەمەن کاریگەری دەبوو، ئەوا لە هێرشە بەردەوامەکانی ئەمریکا و بەریتانیا هێماکانی دەردەکەوت، ئەم هێرشەی زایۆنیستەکانیش گەلی یەمەن و هێزە چەکدارەکانی لە پشتیوانیکردنی غەززە پاشگەز ناکاتەوە./.