بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جەعفەر قەنادباشی شارەزا و شرۆڤەکاری کاروباری ناوچەکە سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکەی ئەنساروڵڵای یەمەن بۆ سەر تەل ئەبیب، وتی: هێرشە درۆنییەکەی ئەنساروڵڵای یەمەن ئۆپەراسیۆنێکی کەم وێنە بووە کە شانازی جێبەجیکردنی ئەمجارە بەخشرایە یەمەنییەکان. هێرشی درۆنی لە ڕێگای ناوچەیەکی دوور و لە هەلومەرجێکی دژواردا بۆ کاریگەریدانان لە سەر هاوکێشەکانی شەڕی غەززە بووە.
ناوبراو وتی: یەمەن لە 9 مانگی ڕابردوو خۆی لە گەمارۆدا بووە و هەر سات ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی سعوودیە بۆ سەر ئەم وڵاتە هەیە، بەڵام لە هەلومەرجێکی وەهادا کردەوەکانی بۆ پشتیوانی لە خەڵکی زوڵملێکراوی غەززە بەرچاوە. لە جیهاندا وڵاتێک نییە کە کەشتییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بکاتە ئامانج و کەس نەتوانێت ڕوبەڕوی ببێتەوە.
ئەو شارەزایەی کاروباری ناوچەکە وتی: زایۆنیستەکان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە لە پاش ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا لە 7 ی تشرینی 2023 ەوە کەموکوڕییە هەواڵگری و بەرگرییەکانیان چارەسەر کردووە و چیدی زیان بەو ڕژێمە ناگات بەڵام بە هێرشە درۆنییەکەی یەمەنییەکان ئەوە سەلمێندرا کە لاوازن، ئەویش لە ڕێگای درۆنی یەمەنەوە نەک درۆن و مووشەکی وڵاتانی دیکە.
قەنادباشی وتی: بەم هێرشە ئەگەری بەرفراوانتربوونی شەڕی غەززە لە ئارادایە و پێدەچێت قۆناغێکی نوێی شەڕ و ڕوبەڕوبونەوەی یەمەن لە گەڵ داگیرکاران و لایەنگرانی ئەوان دەست پێبکات و ڕوبەڕوبونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕێگای دەریا و ئاسمانەوە بەرەو تەل ئەبیب دەبێت.
ناوبراو وتی: زایۆنیستەکان بیریان لەوە نەدەکردەوە کە هێرشی وەها ڕوو بدات و پێدەچێت ئەوەی پشتیان پێ دەبەست، متمانەی خۆیی لە دەست داوە.
وتیشی کە بەم هێرشە ڕەنگە شەڕەکە درێژەی هەبێت بەڵام لە بەرژەوەندی ڕژێمی زایۆنیستی نابێت و تەنانەت دەبێتە هۆکاری هەڵوەشانەوەی ئەو ڕژێمە. لە ئێستادا خاڵە لاوازەکانی تەل ئەبیب بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە و ترس و دڵەڕاوکێ باڵی بە سەر ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستیندا کێشاوە و بە پێی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانی پێشوو لە دژی نتانیاهۆ، ڕەنگە تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکان لە داهاتوویەکی نزیکدا ببینین./.