بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میدیا عیبریەکان باس لەوە دەکەن کە کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان لە چەند مانگێک لەمەوبەرەوە و لانیکەم تا کۆتایی ئەمساڵ ڕوبەڕوی دەرئەنجامەکانی شەڕی بەردەوامی کەرتی غەززە بوونەتەوە.
بە گوێرەی ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل، بە گێڕانەوەی کۆمپانیای کۆڤیس بی دی ئایی زانیاری بازرگانی، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ ٦٠ هەزار کۆمپانیا دابخرێن.
ئەم پێشبینیە لە مانگی دەیەمدا کراوە لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، کە بە هۆی زۆری تێچووی سوود و کێشەی دارایی، کەمی هێزی مرۆیی، کەمبوونەوەی بەرچاوی قەبارەی بازرگانی بە دەیان هەزار کۆمپانیا داخراون و چالاکییەکان، و پچڕان لە کارەکانی خزمەتگوزاری و پێداویستییە لۆجستیکییەکان و کەمیی یارمەتییەکان حکومەت زیانیان بەوان گەیاندووە.
تایمز زیادی کرد: لە سەردەمی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵی ٢٠٢٠، ٧٦ هەزار کۆمپانیا و شوێنی بازرگانی لە ئیسرائیل ناچار بوون دابخرێن، کە ژمارەیەکی پێوانەیی بوو، لە کاتێکدا لە هەلومەرجی ئاساییدا ساڵانە نزیکەی ٤٠ هەزار شوێنی بازرگانی دادەخرێن.
گورزێک لە ئابوری ئیسرائیل
ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل لە زاری یۆئێل ئەمیر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کۆڤیس بی دی ئای بۆ زانیاری بازرگانییەوە ڕایگەیاندووە: هیچ کەرتێکی ئابوری ئیسرائیل بەرگری نییە لە دەرئەنجامەکانی شەڕی بەردەوام و بازرگانییەکان مامەڵە لە گەڵ واقیعێکی زۆر ئاڵۆزدا دەکەن.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ترس لە پەرەسەندنی شەڕ لەگەڵ نادڵنیایی لە کۆتایی شەڕ و تەحەددای بەردەوام وەک کەمی فەرمانبەر، کەمبوونەوەی خواست، زیادبوونی پێداویستییە داراییەکان، زیادبوونی تێچووی پرسی پشتیوانی و لۆجستی لە نێو ئەو هۆکارانەن کە کاریگەرییان لەسەر چالاکییەکانی کۆمپانیاکان هەیە.
بە گوتەی ئەمیر، نزیکەی 77%ی ئەو کۆمپانیایانەی لە سەرەتای شەڕەوە ناچاربوون دابخرێن، 35 هەزار دامەزراوە پێکدەهێنن، کە کۆمپانیای بچووکن کە زۆرترینی 5 کارمەندیان هەیە و بە لاوازترین کۆمپانیا دادەنرێت لە بواری ئابوریدا، چونکە ئەوان پێویستی دارایی بەپەلەتریان هەیە کاتێک چالاکییەکەیان زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و کێشەیان هەبووە لە کۆکردنەوەی پارە.
ئاماژەی بەوەشکرد: لە سەرەتای ساڵی 2023ەوە ئەو پارەیەی کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان کۆدەکرێنەوە کەمیکردووە، کاتێک ئابوری ئیسرائیل بەدەست پاشەکشەی جیهانی و نادڵنیایی سیاسییەوە دەناڵێنێت لە ناوخۆدا بە هۆی چاکسازییە دادوەرییەکان کە لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە پێشنیارکراون و دواتر شەڕی غەززەش دۆخەکەی بۆ ئەوان ئاڵۆز کردووە.
بە وتەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کۆڤیس، شەڕی غەززە هەروەها بووە هۆی ئەوەی هەزاران خاوەن کۆمپانیا لە ئیسرائیل ڕوبەڕوی بانگهێشتکردنی لەناکاو و بەردەوامی سەدان هەزار فەرمانبەر بۆ خزمەتکردنی یەدەگ لە سوپا و پەیوەستبوون بە شەڕی غەززە ببنەوە، هەروەها ئیسرائیلییەکان لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون.
لە ڕاپرسییەکدا کە نمونەیەک لە ٥٥٠ کۆمپانیا لە کەرتە جیاوازەکانی ئابوری ئیسرائیل لەخۆگرتبوو، کۆمپانیای کۆڤیس بی دی ئای پرسیاری ئەوەی کرد کە شەڕەکە چەندە زیانی بە کارەکانیان گەیاندووە و لەسەدا ٥٦ی نمونەکە ڕایانگەیاندووە کە فرۆشەکانیان کەمیکردووە.
لە ڕاپرسییەکی پێشوودا کە لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٤ ئەنجامدرا، نزیکەی لەسەدا ٦٤ ڕایانگەیاندبوو کە بەهۆی شەڕەوە دابەزینیان بەخۆوە بینیوە.
تایمز: گرانی تێچووی گواستنەوە بە هۆی هێرشەکانی یەمەن و سزاکانی تورکیا دۆخەکەی خراپتر کرد
بە گوتەی ئەمیر، لێکەوتە ئابورییەکانی شەڕی بەردەوام کاریگەریی دەستبەجێی لە سەر ئەو کۆمپانیایانە هەبووە کە لە کەرتی بیناسازی، کشتوکاڵ، گەشتیاری، میوانداری و کات بەسەربردن چالاکن.
زۆرێک لە پڕۆژەکانی بیناسازی لە ئیسرائیل داخراون، دوای ئەوەی لە سەرەتای شەڕەوە ڕێگری لە ٨٥ هەزار کرێکاری فەڵەستینی کرا، بە هۆی نیگەرانییە ئەمنییەکان کاریان تێدا بکەن، لە کاتێکدا زۆرێک لە کرێکارە بیانییەکان کە کاریان لە سەر ئەو پڕۆژانە کردووە، ئیسرائیلیان بەجێهێشتووە.
ئەو ڕۆژنامەیە لە زاری ئەمیرەوە نووسیویەتی: کشتوکاڵ و هەروەها پیشەسازی بیناسازی بە دەست کەمی هێزی مرۆیی زۆرەوە دەناڵێنێت، ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی گەورە لە پڕۆژەکانی کەرتی بیناسازی.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە شاهیدی هاتنی ژمارەیەک کرێکاری بیانیین بۆ ئیسرائیل، بەڵام کەمبوونەوەی دابینکردن بووەتە هۆی زیادبوونی مووچە و زیادبوونی تێچووی دامەزراندن.
جگە لەوەش تورکیا بازرگانی لە گەڵ ئیسرائیل قەدەغە کرد، ئەمەش وایکرد هاوردەکارانی کەرەستەی بیناسازی (ئەلمنیۆم و پلاستیک و بەرهەمی چیمەنتۆ) بەدوای سەرچاوەی جێگرەوەی دابینکردندا بگەڕێن، کە بەهۆی زۆری تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە گرانترن.
تایمز نووسیویەتی، کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان هەوڵیان دەدا هاوردەکردن لە تورکیاوە زیاد بکەن، دوای ئەوەی هێرشەکانی حوسییەکانی یەمەن بازرگانیی لە دەریای سوورەوە پەکخست و بەکارهێنانی ڕێگای بەدیلی درێژتر تێچووی گواستنەوەی کەشتیوانی زیاد کرد./.