بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی لە سەر دۆخی غەززە داوە و ڕایگەیاندووە کە سیستەمی هاوکاری و خزمەتگوزارییە مرۆڤدۆستانەکان لە کەرتی غەززە بە هۆی بۆردومان و ڕێگرییەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە بە تەواوی هەڵوەشاوەتەوە و مەترسی پەرەسەندنی شەڕەکەش لە ناوچەکە زیاتر بووە.
لە بەیاننامەیەکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە کە هیچ شتێک نابێتە پاساو بۆ سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی غەززە، دۆخی ئەم ناوچەیە بە تەواوی بووەتە قەیران و کارەساتێکی گەورە و ناوەندە تەندرووستی و نەخۆشخانەکان بە ئەنقەست دەکرێنە ئامانج تا هیچ خزمەتگوزارییەک بە دانیشتووانی ناوچەکە نەدرێت.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگربەستی بەپەلەی غەززەی بە پێویست زانیوە و ڕایگەیاندووە کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانی غەززە پێویستیان بە خزمەتگوزاری ئەمنی هەیە.
لە لایەکی دیکەوە ڕێکخراوی یۆنیسێف ڕایگەیاندووە کە لە سەدا 90 ی دانیشتووانی غەززە لە سەرەتای شەڕەکەوە ئاوارە بوون و زۆربەیان منداڵن.
یۆنیسێف ڕایگەیاندووە کە ئەو شوێنانەی کە ئاوارەکانی غەززە بە ناوچار ڕوویان تێدەکەن، پارێزراو نین./.