بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە بەردەوامی دانپێدادانی زایۆنیستەکان سەبارەت بە شەڕی غەززە و مسۆگەرنەبوونی هیچ یەک لە ئامانجەکانی ئەوان لە شەڕەکەدا، گیۆرا ئایلاند سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی ناوخۆیی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاند کە ئیسرائیل ئەمرۆ ڕوبەڕوی شەڕێکی جیاوازترە لە شەڕەکەی ساڵی 2014 بووەتەوە، لە بەر ئەوەی کە پێگەی ستراتیژیی پاش دە ساڵ لاواز و لە بەرامبەردا پێگەی ئێران و هاوپەیمانەکانی بەهێز بووە.
ئەو ژنڕاڵە زایۆنیستە ڕایگەیاندووە کە ئەو شەڕەی ئەمرۆ بەرۆکی ئیسرائیلی لە غەززە گرتووەتەوە، زۆر کارەساتبارتر و دژوارتر لەوەیە کە ساڵی 2014 بینرا، خاڵی وەرچەرخانی ئەم جیاوازییەش پەیوەندی بە گەمارۆدانی ئیسرائیل لە چەند بەرەوە هەیە، ئەوەی کە پێش ڕووداوەکانی 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 نەبینرا و ئێستا دەبێت بزانرێت کە پێگەی ستراتیژیی ئیسرائیل لاواز بووە و لە بەرامبەردا پێگەی ستراتیژیی ئێران بەهێز بووە.
ئایلاند بە توندی هێرشی کردووەتە سەر بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەندامە توندڕەوەکانی کابینەکەی و ڕایگەیاندووە کە سەرکردایەتی ئیسرائیل هێشتا پاش 9 مانگ هەستی بە مەترسی بەردەوامی شەڕی غەززە و بەرەی باکور نەکردووە، ئەو بەرەیەی کە شەڕ و پێکدادانەکەی تا کۆتایی شەڕی غەززە بەردەوام دەبێت.
ڕاشیگەیاندووە کە ئیسرائیل هەروەها هەست بە تێکچوونی دۆخی نێودەوڵەتی خۆی و قەیرانی سیاسی، ئابوری و دابەزینی ئاستی پەیوەندییە سەربازی و کۆمەڵایەتییەکانی لە گەڵ لایەنەکانی دیکە ناکات./.