بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی باقری لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە دۆخی فەڵەستین، وتی: ڕژێمی زایۆنیستی لە ماوەی شەڕی غەززەدا کەمپینی کوشتار و تیرۆر و ڕووخاندنی خستووەتەڕێ و لە ماوەی زیاتر لە 9 مانگدا هەر کاتژمێر 20 کەس کوژراو و بریندار بوون، زیاتر لە سەدا 80 ی ژێرخانەکانی غەززە و خانووەکانی دانیشتووانەکەی ڕووخاون، هەروەها زایۆنیستەکان ڕێگرییان لە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی غەززە و لێقەوماوان کردووە.
ناوبراو وتی: سەرەڕای ئیدانەکردنی جیهانیی تاوان و کۆمەڵکوژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە و کۆدەنگیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ کۆتایی هێنانی بەپەلەی ئەم شەڕ و کوشتارە، ڕاگەیاندنی ئاگربەست و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ خەڵکی غەززە، ڕژێمی زایۆنیستی لە هەر سزادانێکی نێودەوڵەتی پارێزراو بووە و درێژە بە تاوانە دڕندانەکانی لە دژی گەلی فەڵەستین دەدات.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە وەکالەت، ئاماژەشی بە هەڕەشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر لوبنان دا و وتی: سەرکردەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لەو خەیاڵەدان کە شەڕی دژ بە لوبنان دەتوانێت ئەوان لە گێژاوی غەززە ڕزگار بکات، ئەمەش خەیاڵێکی بەتاڵ و هەڵەیەکی ستراتیژییە و دۆخی ناوچەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵدا ناهێڵێت.
باقری وتی: لوبنان وڵاتێکی سەربەخۆیە و هەر هێرشێکی سەر ئەم وڵاتەش ڕوبەڕوی وەڵامی توند و پەشیمانکەرەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، گەلانی ناوچەکە و لایەنەکانی خۆڕاگری دەبێتەوە.
وتیشی کە تەنیا ڕێگای گەڕانەوەی ئاشتی بۆ ناوچەکە، کۆتایی هێنانی بەپەلە، تەواو و هەمیشەیی داگیرکاری، دەسدرێژی و تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییە و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی گەیشتن بەم ئامانجەی لە ئەستۆیە./.