بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەشار ئەسەد لە میانەی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی سوریا ڕایگەیاند کە دیمەشق گرنگی بە باشتربوونی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ دەدات و کەس نییە بیر لە ئاڵۆزی و کێشە بکاتەوە.
ناوبراو وتی کە پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ تورکیا دەکەین بەڵام ئەمە بە واتای وازهێنان لە هەڵوێست و بنەماکانی ئێمە نییە.
سەرۆک کۆماری سوریا وتی: کێشە لە کۆبوونەوەی من و ئەردۆغاندا نییە بەڵکوو لە ناوەڕۆک و ئامانجەکانی کۆبوونەوەکەیە و سەرەتا دەبێت پرسیاری ئەوە بکەین بۆ پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات لە ماوەی 13 ساڵی ڕابردوودا بەم دۆخە گەیشتووە؟ ئەوەمان نەبیستووە کە هیچ بەرپرسێکی تورکیا سەبارەت بەم پرسیارە ڕوونکردنەوە بدات.
بەشار ئەسەد وتی: کۆبوونەوە لە گەڵ بەرپرسانی تورکیا بەدەر لە ئاستەکە بە پێویست دەزانین و من بە گشتی سەبارەت بە کۆبوونەوەی هەر دوو سەرۆک کۆمار قسە ناکەم، کۆبوونەوە لە گەڵ تورکیا ڕانەگیراوە و بەردەوامە، کۆبوونەوەیەک بە نێوەندگێڕی لە ئاستی ئەمنیدا بەڕێوە دەچێت و تێڕوانینی ئێمە لە سەر ئەمە ئەرێنییە.
وتیشی کە پرسیاری ئێمە ئەوەیە ئامانج لە کۆبوونەوەی سەرۆک کۆماران چییە؟ ئایا بۆ کۆتایی هێنانە بە کێشەکانی وەک پشتیوانی لە تیرۆر و کشانەوەی تورکیا لە خاکی سوریا؟ هیچ دەستەبەرێک لە سەر ئەمە بە ئێمە نەدراوە و ئێمە بە پێی بنەمای ڕوونی یاسا و مافی نێودەوڵەتی و سەروەری نیشتمانی دەچینە پێشەوە./.