بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تیشکە زیانبەخشەکانی خۆر لە وەرزی هاوین زیاتر کاریگەرییان هەیە بەراورد بە وەرزەکانی دیکە، بۆ پاراستنی چاو لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی گەرمای هاوین، چەند ئامۆژگارییەکی پزیشکان و پسپۆڕانی بواری تەندرووستی دەخرێتە ڕوو کە بریتین لە:
چاویلکە:
چاویلکەی هەتاوی جیاوازیی هەیە لە چاویلکەی ڕەش، لە بەر ئەوەی کە هەموو چاویلکەیەکی ڕەش تیشکە زیانبەخشەکانی هەتاو ڕەتناکاتەوە، هەر بۆیە پێویستە لە کاتی دەرچوونت لە خۆرهەتاودا چاویلکە لە چاو بکەیت، ئەگەری هەیە هەتاو هۆکاربێت بۆ توشبوون بە شێرپەنجە.
دژەخۆر:
ئەوە ڕاستە کە دژەخۆر سوودی هەیە و پێویستە SPF زیاتر لە 30 بێت. هەروەها دوو کاتژمێر جارێک نوێی بکرێتەوە، بەڵام ئەگەر بە هۆی ئارەقکردنەوە ئەو دژەخۆرە بچێتە ناو چاوەوە، تووشی هەستیاریت دەکات، هەر بۆیە وریابە لەوەی کاتێک دژەخۆر بەکار دەهێنیت، ئارەقەکەت نەچێتە ناو چاوەکانت.
مەلەکردن:
مەلەکردن لە کەشی گەرمدا لە گەڵ ئەوەی بەربڵاوە، بەڵام هۆکارە بۆ ئەوەی تووشی هەوکردن یان بەکتریای چاو ببیت. هەر بۆیە وریابە لەوەی لە ناو ئاوی خاوێن مەلە بکەیت. باشتر وایە کە چاویلکەی تایبەت بە مەلەکردن لە چاو بکەیت./.