بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نووسینگەی فیدراڵی لێکۆڵینەوەی ئەمریکا ناسراو بە FBI و دەزگای ئاسایشی نهێنی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاندووە کە ئەو کەسەی لە ڤیلایەتی پنسیلڤانیا تەقەی لە دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشوو کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ، کردووە، گەنجێکی تەمەن 20 ساڵە و خەڵکی هەمان ویلایەتە.
دەزگای ئاسایشی نهێنی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە تەقەکەرەکە و کەسێک لە ئامادەبووانی کەمپینەکە کوژراون، دوو کەسی دیکەش بریندار بوون کە برینەکەیان قورسە، هاوکات لە شوێنی ڕووداوەکەدا دەست بە سەر چەکێکدا گیراوە.
ئەو کەسە کە قەک تەقەکەری ڕووداوی هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ ناسراوە، کەسێک بووە بە ناوی تۆماس متیۆ کروکس. رۆژنامەی نیۆیۆرک پۆست ناوەکەی پشتڕاست کردووەتەوە.
هەروەها دەوترێت ئەو کەسە ئەندامی بزوتنەوەیەکی سیاسی چەپ بە ناوی “ئەنتیفا”یە کە بانگەشەی بۆچوونی دژە فاشیستی و دژە ڕەگەزپەرستانەی ئەمریکای هەیە. تایبەتمەندی سەرەکی گروپەکانی ئەنتیفا جێبەجێکردنی کردارییانەی پلانەکانی ئەوانە. ئەوان خەریکی تاکتیکی ناڕەزایەتی جۆراوجۆرن، وەک چالاکی دیجیتاڵی، زیانگەیاندن بە کۆمپانیا گەورەکان، توندوتیژی جەستەیی و هەراسانکردن بەرامبەر بەو کەسانەی کە بە فاشیست، ڕەگەزپەرست، ڕاستڕەوی توندڕەو، یان سەرمایەدار ناوی دەبەن.
چالاکوانانی بەشدار لەم بزوتنەوەیەدا مەیلیان هەیە دژە سەرمایەداری بن و باوەڕێکی هاوبەشیان هەیە لە ئایدۆلۆژیای چەپدا لەوانە ئەنارکیزم، سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم، لە گەڵ هەندێک لیبراڵ و سۆسیال دیموکرات. سەرنجیان بە گشتی لە سەر بەرەنگاربوونەوەی باڵادەستی ڕاستڕەو و سپی پێستەکانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و توندوتیژانە نەک لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکانەوە./.