بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید حەسەن نەسروڵڵا لە درێژەی وتارەکانی بە بۆنەی یادی عاشوراوە، تاوتوێی گۆڕانکارییەکانی غەززە و شەڕی دژ بە زایۆنیستیەکانی کرد و وتی: هەندێک هەیە کە ئەگەر ڕۆژانە هاوشێوەی ئەو کۆمەڵکوژییە لە مەواسی لە خان یونس ڕوویدا، ڕوو بدات، هەرچەندە بەوان بڵێین ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی دوژمنن، ڕازی نابن.
ناوبراو وتی: لە کاتێکدا کە دوژمن دەیەوێت هێرش بکاتە سەرمان، بسووتێنێت، بڕووخێنێت و کۆمەڵکوژی بکات، ئەو بیرکردنەوەی کە بڵێین ” ئیشمان نییە و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە ” بە تەواوی هەڵەیە و بە واتای نەزانییە.
سەید حەسەن نەسروڵڵا بەرامبەر بە نزیکەی دوو ملیار موسڵمان وتی: ئەگەر ناتوانن هەنگاویک بۆ پشتیوانی لە غەززە و فەڵەستین هەڵبگرن، لانیکەم هەڵوێستێکتان هەبێت و ئەمەش بە خۆپێشاندان، مانگرتن و ناڕەزایەتی پیشان بدەن، ئەمە هەمان بابەتە کە لە ڕۆژی دواییدا پرسیارتان لێدەکرێت.
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان وتی: ڕژێمی زایۆنیستی شکستی هێناوە و ئەمەش بابەتیکی گرنگە بۆ داهاتووی گەلان و حکومەتەکانی ناوچەکە، ئێمە هەمان ئەو کەسانەین کە سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و سەختییەکان، شەهید و بریندارێکی زۆرمان داوە و وەک چۆن لە شەڕی تەمموزی 2006 سەرکەوتوو بووین، بە یارمەتی خودا لەم شەڕەی زریانی ئەقساش سەرکەوتووانە دێینە دەرەوە./.