بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، د.مەسعود پزیشکیان لە بەشێکی ئەم نووسینەدا ڕایگەیاندووە کە لە حکومەتەکەیدا بە نیازە سیاسەتێکی نوێ پەیرەو بکات کە لە گەڵ بەرژەوەندی نیشتمانی و گەشەسەندنی ئابوری و پێداویستییەکانی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکە و جیهاندا بگونجێت و لەم ڕووەوە پێشوازی لە هەوڵە دڵسۆزەکان دەکەین بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و بە ڕاستگۆیی وەڵامی ڕاستگۆیی دەدەینەوە.
دەقی وتارەکەی سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئێران کە لە ڕۆژنامەی ئینلیزی زمانی ” تاران تایمز ” بڵاو بووەتەوە، لە درێژەدا هاتووە.
پەیامی من بۆ جیهانی نوێ
لە گەرمەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا، بە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی کێبڕکێ، ئاشتیانە و ڕێک و پێک، سیستەمی سیاسی ئێران سەقامگیری خۆی نیشان دا و بانگەشەی هەندێک لە “نەیارانی ئێرانی” لە هەندێک وڵاتدا پووچەڵ کردەوە. سەقامگیری سیاسی و شێوازی شەرەفمەندانەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، وریایی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕش و پابەندبوونی گەلی ئێران بە گواستنەوەی دێموکراسییانەی دەسەڵات تەنانەت لە هەلومەرجی سەختیشدا نیشان دەدات.
من بە بەرنامەیەکەوە چوومە ناو بانگەشەی هەڵبژاردنەکانەوە کە جەختی لەسەر “چاکسازی” و “بەهێزکردنی یەکێتی نیشتمانی” و “کارلێکی بنیاتنەر لە گەڵ جیهان” دەکردەوە و دواجار سەرکەوتوو بووم لە بەدەستهێنانی متمانەی هاووڵاتیانی وڵاتەکەم، تەنانەت گەنج و ژنانی ناڕازیش هاتنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
ئەم متمانەیە لای من زۆر بەنرخە، منیش بڕیارم داوە ئەو بەڵێنانەی کە لە کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردندا بە خەڵکی وڵاتەکەم دابوو، بە دروستکردنی کۆدەنگی، چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا جێبەجێ بکەم.
لە سەرەتادا پێموایە جەخت لەوە بکەمەوە کە حکومەتەکەم لە هەر بارودۆخێکدا پاراستنی شەرەفی نیشتمانی و کەرامەتی نێودەوڵەتی ئێران دەخاتە سەرووی کارنامەی خۆیەوە. سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە سەر بنەمای “شەرەف، حیکمەت و بەرژەوەندی” دامەزراوە و داڕشتن و جێبەجێکردنی بە سەرۆک کۆمار و حکومەت سپاردووە. بەنیازم هەموو ئەو دەسەڵاتانەی کە بەم پۆستە دراوە بۆ بەدواداچوونی ئەم ئامانجە گەورەیە بخەمەگەڕ.
بەم ڕێبازە حکومەتەکەم بەنیازە سیاسەتێکی هاوسەنگ پەیرەو بکات کە لە گەڵ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و گەشەسەندنی ئابوری و پێداویستییەکانی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکە و جیهاندا بگونجێت بە دروستکردنی “هاوسەنگی” لە پەیوەندییەکان لە گەڵ هەموو وڵاتان. لەم ڕووەوە پێشوازی لە هەوڵی ڕاستگۆیانە دەکەین بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و بە ڕاستگۆییەوە وەڵامی دەدەینەوە.
لە حکومەتەکەمدا پتەوکردنی پەیوەندی لە گەڵ دراوسێکان لە پێشینەی کارەکان دەبێت. ئێمە بە دوای پێکهێنانی “هەرێمێکی بەهێز”دا دەگەڕێین، نەک پەیوەندییەک کە وڵاتێک بە تەنیا هەوڵی زاڵبوون بە سەر ئەوانی دیکەدا بدات.
من بە توندی باوەڕم وایە کە وڵاتانی دراوسێ و برایان نابێت سەرچاوە بەنرخەکانیان بە ئاراستەی کێبڕکێی پەرتبوون و پێشبڕکێی چەک و سنووردارکردنی ناپێویست لە یەکتردا بەفیڕۆ بدەن. بەڵکوو ئامانجمان ئەوە بێت کە ژینگەیەک درووست بکەین کە سەرچاوەکانی هەمووان تەرخان بکرێت بۆ پێشکەوتنی ناوچەکە، بۆ بەرژەوەندی هەمووان.
ئێمە هاوکاری تورکیا، سعوودیە، عۆمان، عێراق، بەحرەین، قەتەر، کوێت، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و ڕێکخراوە ناوچەییەکان دەکەین لە پێناو قووڵکردنەوەی پەیوەندییە ئابورییەکان، پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان، پێشخستنی وەبەرهێنانی هاوبەش، ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگی هاوبەش و هەنگاونان بەرەو درووستکردنی چوارچێوەیەکی ناوچەیی. بۆ ئەمەش ئێمە خەریکی وتووێژ و درووستکردنی متمانە و پەرەپێدان دەبین.
ناوچەکەمان لە مێژە بەدەست شەڕ و ئاڵۆزی تائیفی و تیرۆر و توندڕەوی و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و کەم ئاوی و قەیرانی پەنابەران و تێکدانی ژینگە و دەستێوەردانی دەرەکییەوە دەناڵێنێت. ئێستا کاتی ئەوەیە کە پێکەوە ئەم تەحەدایە هاوبەشانە چارەسەر بکەین بۆ داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو. هاوکاری بۆ گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی ناوچەیی دەبێتە بنەمای ڕێنمایی سیاسەتی دەرەوەمان.
وەک وڵاتانێک کە خاوەن سەرچاوەی زۆر و نەریتی هاوبەشن کە لە فێرکارییە ئاشتیخوازە ئیسلامییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، دەبێت یەکبگرین و لەبری لۆژیکی دەسەڵات پشت بە هێزی لۆژیک ببەستین. بە کەڵک وەرگرتن لە توانای دانانی نۆرممان، دەتوانین ڕۆڵێکی گرنگ لە نەزمی جیهانی دوای جەمسەریدا بگێڕین لە ڕێگەی پێشخستنی ئاشتی و درووستکردنی کەشێکی ئارام بۆ گەشەسەندنی بەردەوام و بەهێزکردنی وتووێژ و ڕوبەڕوبونەوەی ئیسلامۆفۆبیا. لەو پەیوەندییەدا ئێران ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی ڕۆڵ ببینێت.
لە ساڵی 1979 و دوای شۆڕش، سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندییەکانی لە گەڵ دوو ڕژێمی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل و ئەفریقای باشور، لە سەر بنەمای پێوەرەکانی یاسای نێودەوڵەتی و بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ پچڕاند. تا ئەمڕۆش ئیسرائیل وەک ڕژێمێکی ئاپارتاید ماوەتەوە کە “جینۆساید”ی بۆ تۆماری تاریکی داگیرکاری، تاوانەکانی جەنگ، پاکتاوی نەتەوەیی، بیناسازیی نیشتەجێبوون، هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی، لکاندنی نایاسایی خاکی خەڵکی دیکە و لەشکرکێشی بۆ سەر دراوسێکانی خۆی زیاد کردووە .
وەک هەنگاوی یەکەم، حکومەتەکەم داوای هاوکاری وڵاتانی عەرەبی دراوسێ دەکات بۆ بەکارهێنانی هەموو بوارە سیاسی و دیپلۆماسییەکان، بۆ یەکەمایەتی دانانی ئاگربەست و ڕاگرتنی کوشتنی خەڵکی غەززە لە پێناو ڕێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی شەڕەکە. پاشان دەبێت زۆر کار بکەین بۆ کۆتایی هێنان بەو داگیرکارییە درێژخایەنە کە ژیانی چوار نەوەی فەڵەستینی لەناوبردووە. لەم ڕووەوە جەخت لەوە دەکەمەوە کە حکومەتەکان پابەندن بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگریکردن لە جینۆساید لە سەر بنەمای “کۆنفرانسی جینۆساید ١٩٤٨” و پاداشتی جینۆساید نەکەن بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ تاوانباران!
ئەمڕۆ پێدەچێت زۆرێک لە گەنجانی وڵاتانی ڕۆژئاوا درکیان بە ڕاستی هەڵوێستە درێژخایەنەکانمان کردبێت بەرامبەر بە ڕژێمی ئیسرائیل. دەمەوێت لەم دەرفەتەدا بەم نەوە ئازایە بڵێم کە تۆمەتەکانی دژە جوولەکەگەرایی لە دژی ئێران بە هۆی هەڵوێستی لە سەر پرسی فەڵەستین نەک هەر بە تەواوی هەڵە نین، بەڵکو سووکایەتی بە کەلتور و بیروباوەڕ و بەها بنەڕەتییەکانی ئێمەش دەکەن.
چین و ڕووسیا هەمیشە لە کاتە سەختەکاندا دۆست و پشتیوانمان بوون، ئێمە ئەم هاوڕێیەتییە زۆر بە نرخ دەزانین.
نەخشەڕێگای ٢٥ ساڵەی ئێران و چین هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ درووستکردنی “هاوبەشییەکی ستراتیژی هەمەلایەنە” کە سوودی بۆ هەردوو وڵات هەبێت، و ئێمە ئامادەین هاوکارییەکی فراوانتر لە گەڵ پەکین لە سەروبەندی چوونە ناو نەزمی جیهانی نوێدا دامەزرێنین. لە ساڵی ٢٠٢٣ حکومەتی چین ڕۆڵێکی گرنگی بینی لە ئاسانکاری بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لە گەڵ سعوودیە، بەمەش دیدگای بنیاتنەر و ڕوانگەی پێشوەختەی خۆی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی نیشاندا.
ڕووسیا هاوبەشێکی ستراتژیکی بەنرخ و دراوسێی ئێرانە و حکومەتی منیش پابەندە بە فراوانکردن و بەهێزکردنی هاوکارییەکانمان. هیوای ئاشتی بۆ خەڵکی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەخوازین، حکومەتەکەم ئامادە دەبێت بۆ پشتیوانی چالاکانە لە دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە. حکومەتەکەم هاوکاری دوو قۆڵی و فرەلایەنە لە گەڵ ڕووسیادا دەکات، بەتایبەتی لە چوارچێوەی وەک برێکس، ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهای و یەکێتی ئابوری ئۆراسیادا.
بە داننان بەوەی کە دیمەنی جیهانی لە نەخشە تەقلیدییەکان تێپەڕیوە، حکومەتەکەم پابەندە بە بەهێزکردنی پەیوەندییە سودبەخشەکانی هاوبەش لە گەڵ ئەکتەرە نێودەوڵەتییە تازەپێگەیشتووەکان، بەتایبەتی لە گەڵ وڵاتانی ئەفریقا. لەم ڕووەوە هەوڵ دەدەین هاوکارییەکانمان بەرەوپێش ببەین و پەیوەندییەکانمان پتەوتر بکەین.
ئێران پەیوەندییەکی پتەوی لە گەڵ وڵاتانی ئەمریکای لاتین هەیە و حکومەتی منیش لە پێناو بەرەوپێشبردنی گەشەپێدان و وتووێژ و هاوکاری لە هەموو بوارەکاندا هەنگاو دەنێت بۆ پاراستن و قووڵکردنەوەیان.
هاوکاری نێوان ئێران و وڵاتانی ئەمریکای لاتین توانای زۆر زیاتری هەیە لەوەی کە ئێستا دامەزراون و بەردەوام دەبین لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان.
پەیوەندییەکانی ئێران و ئەورووپا هەوراز و نشێوی زۆری هەبووە. دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ناوەکی (پلانی هەمەلایەنەی هاوبەشی کارکردن) لە مانگی ئایاری ٢٠١٨، وڵاتانی ئەورووپی یازدە بەڵێنیان بە ئێران دا بۆ ڕزگارکردنی ڕێکەوتنی ناوەکی و مامناوەندکردنی کاریگەرییەکانی سزا نایاسایی و تاکلایەنەکانی ئەمریکا لە سەر ئابوریمان. لە نێو ئەو پابەندبوونانەدا دەتوانین ئاماژە بە گەرەنتی مامەڵەی بانکی کاریگەر و پاراستنی کاریگەرانەی کۆمپانیاکان لە بەرامبەر سزاکانی ئەمریکا و بەرەوپێشبردنی وەبەرهێنان لە ئێران بکەین. وڵاتانی ئەورووپی هەموو ئەم پابەندبوونانەیان پێشێل کردووە، بەڵام بە شێوەیەکی ناعەقڵانی چاوەڕێی ئەوە دەکەن ئێران بە شێوەیەکی تاکلایەنە هەموو ئەرکەکانی خۆی بە پێی ڕێکەوتنەکە جێبەجێ بکات.
سەرەڕای ئەم لادانانە، ئامادەم وتووێژی بنیاتنەر لە گەڵ وڵاتانی ئەورووپی ئەنجام بدەم بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانمان لە سەر ڕێگای ڕاست، لە سەر بنەمای پرەنسیپی یەکسانی و ڕێزگرتنی یەکتر بەرەوپێش ببەین.
پێویستە وڵاتانی ئەورووپی درک بەوە بکەن کە گەلی ئێران گەلێکی سەربەرزە و ئیتر ناتوانرێت ماف و کەرامەتیان پشتگوێ بخرێت. کاتێک زلهێزە ئەورووپییەکان ئاگاداری ئەم ڕاستییە دەبن و چەمکی هەڵبەستراوی باڵادەستی ئەخلاقی خۆیان وەلا بنێن و هەروەها بە سەر ئەو قەیرانە ساختانەدا زاڵ دەبن کە ماوەیەکی زۆرە سێبەریان لە سەر پەیوەندییەکانمان داناوە، دەرفەتی هاوکاری لە نێوان ئێران و ئەورووپادا زۆر دەبێت کە دەتوانرێت لێی بکۆڵرێتەوە.
دەرفەتەکانی هاوکاری بریتین لە هاوکاری ئابوری و تەکنەلۆژیایی، ئاسایشی وزە، ڕێگاکانی ترانزێت، ژینگە، هەروەها بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، قەیرانی پەنابەران و بوارەکانی تر، کە هەموو ئەمانە دەتوانرێت لە پێناو بەرژەوەندی وڵاتەکانماندا بەدواداچوونیان بۆ بکرێت.
هەروەها دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەوە تێبگات کە ئێران هەرگیز وەڵامی زۆرەملێی نەداوەتەوە و هەرگیز وەڵامی ناداتەوە. ئێمە لە ساڵی ٢٠١٥ بە نیازێکی باشەوە چووینە ناو ڕێکەوتنی ناوەکی و هەموو بەڵێنەکانمان بە تەواوی جێبەجێ کرد. بەڵام ئەمریکا ـ بەهۆی ململانێ و کێشەکانی پەیوەست بە سیاسەتی ناوخۆی وڵاتەکەی – بە شێوەیەکی نایاسایی لە ڕێکەوتنەکە کشایەوە و بە سەپاندنی سزای تاکلایەنە، خەڵکی ئێران – بەتایبەت لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا – زیان و ئازار و زیانی بێشومار، و بۆ ئابوری سەدان ملیار دۆلار زیانمان بە ئێمە گەیاند.
ئەمریکا بە ئەنقەست ئەو کارەی هەڵبژارد بە دەستپێکردنی شەڕی ئابوری دژ بە ئێران، هەروەها بە بەشداریکردن لە تیرۆریزمی دەوڵەتی لە ڕێگەی تیرۆرکردنی ژەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی- پاڵەوانێکی بەناوبانگی جیهانی دژە تیرۆر کە بە سەرکەوتنەکانی لە ڕزگارکردنی ناوچەکە لە دەستی داعش ناسراوە – ئەمڕۆ جیهان شاهیدی دەرئەنجامە زیانبەخشەکانی ئەم بڕیارەن.
لەڕاستیدا ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی ڕژێمی بڵاونەکردنەوەی چەکی کۆمەڵکوژیان قۆستۆتەوە بۆ ئەوەی – بە پێچەوانەی خەمڵاندنی دەزگا هەواڵگرییەکانی خۆیانەوە – قەیرانێکی درووستکراو لە سەر بەرنامەی ناوەکی ئاشتیخوازانەی ئێران درووست بکەن و بەکاریبهێنن بۆ جێبەجێکردنی فشاری بەردەوام لە سەر گەلەکەمان. لە هەمان کاتدا چالاکانە و بێ دوودڵی پشتگیریان لە ئیسرائیل کرد – ڕژێمێکی شەڕەنگێزی ڕەگەزپەرست کە ئەندامی پەیماننامەی NPT نییە و بە پێی هەموو بەڵگەکان چەکی ناوەکی و کۆمەڵکوژی هەیە.
دەمەوێت جارێکی تر جەخت لەوە بکەمەوە کە سیاسەتی بەرگری ئێران درووستکردنی چەکی ناوەکی لەخۆناگرێت و داوا لە ئەمریکا دەکەم لە حیساباتە هەڵەکانی ڕابردووی خۆی وانە وەربگرێت و بەو پێیەش سیاسەتێکی نوێ بگرێتەبەر. بڕیاردەرانی واشنتن پێویستە بزانن کە سیاسەتێک کە لە سەر بنەمای چاڵکردنی وڵاتانی ناوچەکە لە دژی یەکتر بێت، لە ڕابردوودا سەرکەوتوو نەبووە و لە داهاتوودا سەرکەوتوو نابێت. پێویستە ڕاستییەکانی ئێران قبوڵ بکەن و خۆیان بە دوور بگرن لە قورسترکردنی گرژییە هەنووکەییەکان.
خەڵکی ئێران ئەرکێکی بەهێزیان پێبەخشیووم کە بە شێوەیەکی جیدی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا پێداگری لە سەر ماف و کەرامەت و ڕۆڵی شایستەمان لە ناوچەکە و جیهاندا بکەم. بانگهێشتی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە دەیانەوێت بەشداری ئەم هەوڵە مێژووییە بکەن بۆ هاوکاری./.