بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی حزبوڵڵای لوبنان لە وتارێکی بە بۆنەی بەرزڕاگرتنی یادی فەرماندەی شەهید ” محەممەد نیعمە ناسر ” ، بە هەڵوێستێکی ڕوون و بەهێز کە پیشاندەری سەرکەوتنی حزبوڵڵا لە پتەوکردنی چەمکی ستراتیژی ” یەکگرتوویی گۆڕەپانەکان ” لە میانەی شەڕی زریانی ئەقسا بە قسە و کردارە، هەڵوێستی خۆڕاگری ئیسلامی لوبنانی دووبارە کردەوە و ئاماژەی بە سەپاندنی ئەم هاوکێشەیە بە سەر زایۆنیستەکان دا کە ” کلیلی چارەسەر و ڕاگرتنی کردەوە سەربازییەکانی زیاتر لە 9 مانگی ڕابردوو لە سنورەکانی باکور لە دژی شارۆچکەکان و بنکە ئەمنی و سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، ڕاگرتنی شەڕ و دەسدرێژییە بۆ سەر غەززە “.
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان هەروەها پشتیوانی بزوتنەوەکەی بۆ حەماس وەک نوێنەری سەرجەم گرووپەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین و بەرەی خۆڕاگری بە گشتی لە میانەی دانوستانەکانی ئاگربەست لە دەوحە دەربڕی و ئەم هەڵوێستەش پێگە و کاریگەرییەکی دیکەی بە بەرەی خۆڕاگری بەخشیوە.
ئەنجامێکی گرنگ هەیە کە لە لایەن سەرجەم کاراکتەرە نێودەوڵەتییەکان و بە تایبەت ڕژێمی زایۆنیستی و حکومەتی ئەمریکا قبووڵکراوە و لە ڕێگای ڕاپۆرتەکانی عاموس هوخشتاین نێردەی تایبەتی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ لوبنان ئاشکرا بوو و ئەوەیە کە ڕێگاچارەی هەموو کێشەکان نەک لە لوبنان، بەڵکوو لە کەرتی غەززەیە. ئەمەش بە گۆڕانکارییەکی ستراتیژی و تەنانەت مێژوویی لە هاوکێشەکانی دۆسیەی فەڵەستین و ڕژێمی داگیرکار و دانپێدادانی سەرجەم لایەنە نێودەوڵەتییەکان بە ستراتیژی یەکگرتوویی گۆڕەپانەکان دادەنرێت.
ستراتیژی یەکگرتوویی گۆڕەپانەکانی شەڕ پاش شکست و سەرشۆڕیی ڕژێمی داگیرکار لە چارەسەرکردنی سەربازیی شەڕی کەرتی غەززە لە بەرژەوەندی خۆیدا، سەرکەوتووانە دۆخێکی بە سەر ئەو ڕژێمەدا سەپاند کە بۆ هەڵگیرسانی شەڕێکی نوێ و کردنەوەی بەرەیەکی دیکە لە دژی لوبنان لاواز بێت و جارێکی دیکە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی بەرەی باکور پەنا بۆ چارەسەری ئاشتیانە ببات. ئەم شکستە ستراتیژییەش تەنیا بۆ ڕژێمی زایۆنیستی نەبووە، بەڵکوو سەرجەم هاوپەیمان و پشتیوانەکانی تەل ئەبیب دەگرێتەوە، بە تایبەت ئەوەی کە ئەم شکستە تەنیا بۆ ئەم قۆناغە نییە و لە ساڵانی داهاتووش کاریگەری تایبەت بە خۆی دەبێت.
مافی فەڵەستینییەکان کلیلی جێگیربوونی دۆخی ناوچەکەیە و چیدی ئەم دۆخە وەک 7 ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023 یان پێش ئەوە نییە و ئەمڕۆ ستراتیژی یەکگرتوویی گۆڕەپانەکان بووەتە ڕاستییەکی کردەیی نوێ و چ لە لوبنان و چ لە یەمەن و ناوچەکانی دیکە بە سەر ڕژێمی زایۆنیستیدا سەپێندراوە و چیدی لەناوبردنی ئەم هاوکێشەیە بۆ زایۆنیستەکان دژوار دەبێت./.