بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیندراوێکی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا هاتووە رۆژی چوارشەممە 10 ی 7 ی 2024 نێچیرڤان بارزانی لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا پیرۆزبایی لە مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئێران کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکاندا بۆ خواست.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لە سەر پتەوکردنی پەیوەندی دۆستانە و لەمێژینەی نێوان هەولێر و تاران کردەوە و ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان ئامادەیە لە سەر بنەمای ڕێز و بەرژەوەندی هاوبەش و دراوسێیەتی باش، هاوکارییەکان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرجەم بوارەکاندا زیاتر بکات.
بارزانی دڵنیایی دەربڕی لەوەی کە سەرکردایەتی پزیشکیان دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی دۆستایەتی هەر دوو لا و وەک لە دوا دیداردا لە گەڵ بەڕێز ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی و بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، پەرۆشیی هەریمی کوردستانی پیشاندا بۆ هاوکاری هاوبەش لە پێناو داهاتوویەکی باشتر بۆ هەر دوو لا، هەروەها بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا
لە درێژەی ئەو پەیوەندییە تەلەفوونییەدا مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئێران وێڕای خۆشحاڵی، سوپاس و پێزانینی بۆ پەیوەندی و پیرۆزبایی نێچیرڤان بارزانی دەربڕی و جەختی لە سەر خواستی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە و ئاماژەی بە پەیوەندی دۆستانە و دێرینی ئێران و هەرێمی کوردستان دا./.