بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی مەعاریۆ لە نووسینێکدا ڕەوشی کەرتی غەززە و کەرتی خۆرئاوای پێکەوە بەراورد کردووە و ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای هێرشی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی بۆ کەرتی خۆرئاوا لە ساڵی 2002، سوپا هێشتا سەرقاڵی شەڕی دژ بە فەڵەستینییەکانە لەم ناوچەیە.
لەو نووسینەدا هاتووە کە جیاوازی گەورە و بەرچاوی نێوان کەرتی خۆرئاوا و کەرتی غەززە ئەوەیە کە شانە سەربازییەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین نە حیزبین لە بتوانن ئاسایش و کاروباری کۆمەڵایەتی کۆنتڕۆڵ بکەن و نە بەرپرسیارێتی ژیانی ڕۆژانەیان لە ئەستۆیە. بە پێچەوانەی شار و گوندەکانی فەڵەستین لە کەرتی خۆرئاوا، یەکڕیزی و ڕێکخراوەیی هێزە سەربازی و مەدەنییەکانی حەماس لە غەززە نەک تەنیا لە ناو نەبراوە، بەڵکوو هێرشە ئاسمانی و وشکانییەکانی نۆ مانگی ڕابردوو زیانی پێنەگەیاندووە.
مەعاریۆ ڕایگەیاندووە کە بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی هیچ وەڵام یان پلانێکی بۆ جێگرەوەی ناسەربازی بۆ دانیشتووانی غەززە نییە و نایەوێت کۆنتڕۆڵی ئەم ناوچەیەش رادەستی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین بکات، لە بەر ئەوەی کە ئەم هەنگاوە لە ئاکامدا دەگاتە چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ پرسی فەڵەستین.
ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندووە کە تا ئەو کاتەی حەماس زیندوو، چالاک و لە پەیوەندی کۆمەڵایەتیدایە لە گەڵ دانیشتووانی کەرتی غەززە، هیچ دامەزراوە و سوپایەک ناتوانێت ئەرکە ڕاسپێردراوەکانی لەو ناوچەیە سەرکەتووانە تێپەڕێنێت.
ڕاشیگەیاندووە کە پلانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە گەیشتووەتە بنبەست و ئەوەی دەبینرێت شکستی تەواوی نتانیاهۆیە و هێشتا حەماس زاڵە بە سەر ئەو ناوچەیەدا./.









