بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەسعود پزیشکیان لە بەرواری 7 ی ڕەزبەری ساڵی 1333 ی کۆچی هەتاوی (29 ی ئەیلولی 1954) لە شاری مەهاباد لەدایکبووەە. خوێندنی سەرەتایی لە مەهاباد تەواو کرد و بۆ درێژەدان بە خوێندن لە کۆلێژی کشتووکاڵی ڕووی لە شاری ورمێ کرد و بڕوانامەی دبلۆمی لە بواری پیشەسازی خۆراکدا بە دەست هێنا.
ساڵی 1973 بۆ ئەنجامدانی خزمەتی سەربازی نێردرایە شاری زابوڵ لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان. لەوێدا بە هاوکاری گەنجان مزگەوتێکی کردەوە و کاروباری ڕۆشنبیریی دەستپێکرد. بەو هۆیەوە لە لایەن سوپای ئەو کاتەی ڕژێمی شاوە سزا درا.
ڕووداو و ئەزموونەکانی سەردەمی سەربازی، کاریگەرییەکی بەرچاوی لە دیاریکردنی ڕێگای ژیانی ئەودا هەبوو. پاش تەواوکردنی خزمەتی سەربازی بڕیاریدا ببێتە پزیشک. ساڵی 1976 لە کۆلێژی پزیشکیی شاری تەبرێز وەرگیرا. لە سەردەمی شەری هەشت ساڵەی سەپێندراوی عێراق لە دژی ئێران، پزیشکیان ڕۆڵێکی بەرچاوی لە گەیاندنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان لە بەرەکانی شەڕدا هەبوو.
پزیشکیان پاش تەواوکردنی خولی پزیشکی گشتی لە ساڵی 1985، ماوەیەک وەک ڕاهێنەری فیزیۆلۆجیا لە کۆلێژی پزیشکی وانەی دەوتەوە بەڵام پاشان بڕیاردا درێژە بە خوێندن بداتەوە.
دوو ساڵ پاش کۆتایی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق لە دژی ئێران لە ساڵی 1990، پزیشکیان بڕوانامەی پسپۆڕیی نەشتەرگەری گشتی لە زانکۆی تەبرێز وەرگرت و پاشان چووە خولی سەروی پسپۆڕی.
ساڵی 1993 لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران لە بواری نەشتەرگەری دڵدا بەرزترین بڕوانامەی بە دەست هێنا و لە نەخۆشخانەی شەهید مەدەنی شاری تەبرێز دەست بەکار بوو.
پزیشکیان پاش ماوەیەکی کاری زانستی لە نەخۆشخانەی دڵی شەهید مەدەنی، بووە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە و لە ساڵی 1994 لە لایەن وەزیری تەندرووستی ئێرانەوە کرایە سەرۆکی زانستە پزیشکییەکانی تەبرێز و تا ساڵی 2000 لەو پۆستەدا مایەوە.
لە کابینەی یەکەمی محەممەد خاتەمی و لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕیفۆرمخوازەکاندا وەزیری تەندرووستی وەک جێگری خۆی دەستنیشانیکرد و ماوەی شەش مانگ لەو پۆستەدا بوو.
لە کابینەی دووەمی محەممەد خاتەمیدا وەک وەزیری تەندرووستی لە ساڵانی 2001 تا 2005 چالاکی کرد.
پاش ئەوەش مەسعود پزیشکیان لە هەڵبژاردنەکانی خولی هەشتەمی پەرلەمانی ئێران وەک نوێنەری شارەکانی تەبرێز، ئازەرشار و ئۆسکو هەڵبژێردرا. ماوەی 16 ساڵ ئەندامی پەرلەمانی ئێران و خولێکیش جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان بووە.
مەسعود پزیشکیان نوێنەری خولی دوانزەیەمی پەرلەمانی ئێرانە و ڕۆژی 5 ی تەمموزی 2024 بووە نۆیەمین سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی خەڵک./.