بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، قاسم جومارت توکایف سەرۆک کۆماری کازاخستان ڕایگەیاند کە سەرۆکی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی شانگهای ڕەزامەندییان لە سەر بەئەندامبوونی وڵاتی بیلاڕووسیا دەربڕی و بەم بۆنەشەوە پیرۆزباییان لە ئەلکساندر لوکاشینکۆ سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کرد.
لە هەمان کاتدا ژانگ مینگ ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی شانگهای ڕایگەیاند کە بابەتی گەورەکردنی ڕێکخراوەکە بە هیچ شێوەیەک نییە و تەنیا چەند وڵاتێک پێشتر داواکاری خۆیان پێشکەش کردبوو و ئەو داواکارییانەش بە ئامانجی باشتربوونی کار و ئەدای ڕێکخراوەکە تاوتوێ دەکرێت.
بیلاڕووسیا بووە دەیەم ئەندامی ڕێکخراوی شانگهای. بیلاڕووسیا لە ساڵی 2015 ەوە ئەندامی چاودێر لەم ڕێکخراوە بووە، بە واتای ئەوەی کە بەشداری کۆبوونەوەکانی دەکرد بەڵام مافی دەنگدانی نەبووە و هیچ بەرپرسیاریەتییەکی لە بەرامبەر بڕیارەکانی ئەم ڕێکخراوەدا نەبووە.
ڕێکخراوی شانگهای کە لە ساڵی 2001 دامەزراوە، وڵاتانی هیندستان، ئێران، کازاخستان، چین، قڕقیزستان، ڕووسیا، تاجیکستان، پاکستان و ئۆزبەکستان لە خۆ دەگرێت. ئەفغانستان و مەنگولیا وڵاتانی چاودێرن. هەر یەک لە وڵاتانی کۆماری ئازەربایجان، ئەرمینیا، کەمبودیا، نیپاڵ، ئیمارات، تورکیا، سریلانکا، کوێت، مالدیڤ، میانمار و بەحرەین بە هاوبەش لەم ڕێکخراوەدا دادەنرێن.
کۆبوونەوەی لوتکەی ڕێکخراوی شانگهای لە 3 تا 4 ی تەمموزی 2024 لە شاری ئاستانەی پایتەختی کازاخستان بەڕێوە دەچێت./.