بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرەتا هەوڵی ئەوەماندا کە سەرتاپێی ئەم هەواڵە و درۆ پەیوەندیدارەکانی لە بەرچاو نەگرین، وەک چۆن زۆربەی ئاژانسەکانی هەواڵی جیهان گرنگییان بە هەواڵ و پڕوپاگەندەکەی زایۆنیستەکان نەداوە. بەڵام بڕیارماندا تاوتوێی شکستە یەک لە دوای یەکەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بکەین تا ئەوە ڕوون بکەینەوە کە زایۆنیستەکان توانای تیرۆری ئەمینداری گشتی حزبوڵڵایان نییە.
بڵاوکردنەوەی هەواڵی لەم شێوەیە، هەوڵێکی زایۆنیستەکانە بۆ شەڕێکی دەروونی لە دژی بەرەی خۆڕاگری تا ڕای گشتی لە شکستە بەردەوامەکانی نۆ مانگی ڕابردوو بەلاڕێدا ببەن. ڕژێمی زایۆنیستی سەرەتا لە ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا تووشی شکستێکی گەورەی هەواڵگری و سەربازی بوو. پاشان چەندین مانگە لە شەڕی غەززەدا بە هیچ یەک لە ئامانجەکانی نەگەیشتووە، بە تایبەت لەناوبردنی حەماس و ئازادکردنی دیلەکان. هەروەها لە بەرەی باکوردا هێرشەکانی حزبوڵڵا وایکردووە کە شارۆچکە زایۆنیست نشینەکان چۆڵ بکرێن و ئەمەش زیانێکی زۆری مادی و سەربازی و کۆمەڵایەتی بە سەر ئەو ڕژێمەدا سەپاندووە.
ئەم شکست و سەرشۆڕییەی ڕژێمی زایۆنیستی لە ماوەی 76 ساڵی ڕابردوو وێنەی نەبووە، هەر بۆیە میدیاکانی ئەو ڕژێمە پەنایان بردووەتە بڵاوکردنەوەی درۆ و پڕوپاگەندە.
ئەڵبەت درۆکانی زایۆنیستەکان تەنیا ئەم هەواڵە نییە. پێشتریش ڕایانگەیاند کە دەزگای هەواڵگری ڕژێمی زایۆنیستی شوێنی مانەوەی سەید حەسەن نەسروڵڵا دەزانێت، تەنانەت ئەگەر لەو شوێنەشدا نەبێت و سەید حەسەن نەسروڵڵا خۆی دەزانێت کە تەل ئەبیب دەستی پێی دەگات بەڵام ئەم کارەی جێبەجێ ناکات.
پێویست بە هێنانەوەی بەڵگە ناکات کە درۆبوونی ئەم پڕوپاگەندانە بسەلمێنین. تەنیا وەبیرهێنانەوەی ئەمە پێویستە کە دەزگای سیخوڕی، درۆنەکان، ڕادارەکان و فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا ماوەی نۆ مانگە بەردەوام لە غەززەدان و هێشتا لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون شوێنی مانەوەی یەحیا سنوار بدۆزنەوە کە 17 ساڵە لە گەمارۆدایە. ئەویش لەم هەلومەرجەدا کە هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززەدان و ئەم ناوچەیان بە تەواوی تەختی زەوی کردووە. ئێستا چۆن دەتوانن شوێنی مانەوەی سەید حەسەن نەسروڵڵا لە لوبناندا بدۆزنەوە؟
ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا ئەفسانەی زاڵبوونی دەزگای هەواڵگری و سوپای ڕژێمی زایۆنیستیی ڕوبەڕوی شکست کردەوە. جیهان ئەوەی بە چاوی خۆی بینی کە دەزگای هەواڵگری مۆساد و سوپای ڕژێمی زایۆنیستی ئاگاداری ئەوە نەبوون کە لە چەند مەتری سنوری غەززەدا ڕووی دەدا.
دوژمنی زایۆنیستی کە لە غەززەشدا بوو، زانیاریی لە تونێلەکانی بزوتنەوەی حەماس نەبووە.
دوژمن لە ماوەی نۆ مانگدا و سەرەڕای ئەو هەموو هێزەی لە غەززە جێگیری کردووە و ئەو هەموو پلانە هەواڵگری و سەربازییەی جێبەجێی کردووە، هێشتا شوێنی مانەوەی دیلەکانی بۆ ئاشکرا نەبووە.
دوژمنی زایۆنیستی سەرەڕای پشتیوانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، پاش فڕینی درۆنەکەی حزبوڵڵای لوبنان بە ناوی ” هود هود ” تووشی زیانێکی گەورە بووە. حزبوڵڵا دەستی بە وێنەی هەستیارترین شوێنەکانی ڕژێمی زایۆنیستی گەیشتووە، تەنانەت شوێنی مانەوەی نتانیاهۆ و بەرپرسان و ژنڕاڵەکانی ئەو ڕژێمە. سوپای ڕژێمی زایۆنیستی لە دۆزینەوەی ئەو درۆنەی حزبوڵڵا شکستی هێنا و ئەمەش لە پاش زریانی ئەقسا، شکست و ئابڕوچوونێکی گەورەی دیکەی زایۆنیستەکانە.
بڵاوکردنەوەی هەوڵی تیرۆری سەید حەسەن نەسروڵڵا بۆ ئەوەیە کە ڕژێمی زایۆنیستی ئەم هەموو شکستە گەورە پەردەپۆش بکات./.