بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد ڕزوانی فەڕ وتی: دەمانەوێت ژێرخانی بەندەرەکان و خاڵە گومرکییەکان پەرە بستێنن. یەکێک لە خاڵە گرنگەکان ئەوەیە کە ترانزێتی وڵات بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە سەدا 55 گەشەی کردووە. هەر تەن ترانزێت 70 تا 100 دۆلار سوودی بۆ وڵات هەیە. لانیکەم لە ساڵێکدا 35 تا 40 ملیۆن تەن کاڵا لە ڕێگای ئێرانەوە ترانزێت دەکرێت کە 4 تا 5 ملیار دۆلار سوودی بۆ وڵات هەیە و پەرەپێدانی ژێرخانەکانیش دەتوانێت ئەم ڕێژە لە داهاتەکانی ئێران زیاتر بکات.
ناوبراو وتی: کەمتر وڵاتێکی جیهان هەیە کە سنوری هاوبەشی وشکانی و ئاویی لە گەڵ 15 وڵاتدا هەبێت. ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران و وڵاتانی دراوسێ 61 ملیار دۆلاری تێپەڕ کردووە و ئەگەر ڕێکەوتنەکان وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن، ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان سێ هێندە زیاتر دەبێت.
سەرۆکی ڕێکخراوی گومرکی ئێران وتی: پەرەپێدانی دیپلۆماسی ئابوری یەکێک لە پێداویستییەکانی سیاسەتی دەرەوەیە کە هیوادارین سەرۆک کۆماری نوێ لە پاش هەڵبژاردنی زیاتر گرنگی بەم بوارە بدات.
ڕزوانی فەڕ وتی: پشتیوانی لە وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و کۆمپانیا هەناردەکارەکانی ناوخۆیی و هەروەها پشتیوانی لە کۆمپانیاکانی زانست بنەما بە پێویست دادەنرێت. ساڵی ڕابردوو هەناردەی کۆمپانیاکانی زانست بنەمای ئێران گەیشتە زیاتر لە 2 ملیار دۆلار کە بازاڕێکی زۆر باشیان لە تورکیا و وڵاتانی کەنداوی فارس هەبووە./.