بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هێلکەیەک ئەگەر بکرێت بە سێ بەشەوە، ئەوا دوو بەشێ سپێنە و بەشەکەی دیکەی زەردێنەیە. کە هەردووکیان پێکەوە، هەروەها بە جیاش سوودی تەندرووستی زۆریان هەیە.
خواردنی پێنج بۆ شەش هێلکە لە هەفتەیەکدا بۆ جەستە بەسوودە. بەڵام ئەگەر زۆرخۆری تێدا بکرێت ئەوا هەستیاری بۆ کۆئەندامی هەرس درووستدەکات وەک ئاوسان و درووستکردنی غازات.
هێلکە دەوڵەمەندە بە (Lutein) و (Zeaxanthin) کە تەندرووستی چاوەکان دەپارێزێت و توانای بینین وەک خۆی دەهێڵێتەوە و هەروەها سوودی هەیە بۆ شەبەکەی چاو، هەروەها بەهۆی بوونی ماددەی (Choline) تێیدا، یارمەتی خانەکانی مێشک دەدات و گرنگە بۆ گەشەی مێشکی منداڵ.
هێلکە دەوڵەمەندە بە ئۆمێگا-٣، کە چەورییەکی تەندرووستە و بە سرووشتی لە ماسیدا هەیە و هەروەها یارمەتیدەرە بۆ گەشەی مێشک و بەهێزکردنی یادەوەری، هەروەها دەوڵەمەندە بە ڤیتامین Dکە بۆ گەشەکردن و پتەوکردنی ئێسکەکانی جەستە گرنگە.
هێلکە ٩ ئەمینۆ ئەسیدی زۆر گرنگی تێدایە کە گرنگن بۆ گەشەی قژ و نینۆک، جگە لەوەش هێلکە پێکهاتووە لە چەورییە تێرەکان و چەورییە ناتێرەکان کە گرنگ بۆ جەستە.
ڤیتامین B12لە هێلکەدا هەیە، کە ئەوەش بۆ گەشەی مێشک و دەمارەکانی جەستە بەتایبەت لە منداڵاندا سودی زۆری هەیە، جگە لەوانەش بوونی پڕۆتین لە هێلکەدا بەتایبەت هێلکەی کوڵاو، یارمەتی پتەوبوون و بەهێزی ماسولکەکان و شانەکانی جەستە دەدات.
خواردنی هێلکە بە کوڵاوی باشترە وەک لە سورکراوەیی، سپێنەی هێلکە وەک سەرچاوەی دابەزاندنی کێش دادەنرێت، بەوپێیەی ڕێژەیەکی بەرز لە ئاو و پڕۆتینی تێدایە، لە جیهانیشدا بەشێوەیەکی گشتی وەرزشوانان سوودی زۆر لێ دەبینن، بۆ سیستمی بەرگری جەستەش سوودی زۆری هەیە.
بەدەر لەوانەش، توێکڵی هێلکە چەندین سوودی تەندرووستی بۆ جەستە هەیە و پێویستە گرنگی پێبدرێت، بەڵام پێویستە ڕێگای بەکارهێنانی گونجاوبێت. توێکڵی هێلکە بۆ ئێسک و جومگەکان باشە و پتەوییان دەکات، هەروەها بۆ سپیکردنەوەی پێستی دەموچاو بەسوودە چونکە کۆلاجینی تێدایە لە گەڵ ترشی هیالورونیک.
هەروەها دەکرێت بخرێتە ناو خاکەوە بۆ بەپیتبوون و زوو گەشەکردنی ڕووەک، یانیش بکوڵێنرێت و ئاوەکەی بدرێتە پەلەوەرە هێلکەکەرەکان بۆ بەهێزی جەستە و پتەوی هێلکەکانیان./.