بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گرووپە نافەرمییەکان کە لە ئەفسەرانی خانەنشینکراو لە سوپا و دەزگای هەواڵگری ڕژێمی زایۆنیستی و هەروەها لە سەنتەرەکانی توێژینەوە، زانکۆکان و سیاسەتمەدارانی ئەو ڕژێمە پێکهاتوون، سەرقاڵی تاوتوێکردنی پلان و پرۆژەکانی تایبەت بە داهاتووی غەززەن.
ڕۆژنامەی ۆڵ ستریت ژوورناڵ ڕایگەیاندووە کە دیارترینی ئەو پلانانە درووستکردنی دوورگە یان ناوچەی دابڕاوە کە لە ڕووی جوگرافییەوە داخراوە و فەڵەستینییەکان پەیوەندییان بە حەماسەوە نەبێت، ئەوان دەتوانن لە پەناگەی کاتیدا بژین و هاوکات سوپای ڕژێمی زایۆنیستی درێژە بە شەڕی حەماس و لایەنەکانی خۆڕاگری فەڵەستین بدات.
ئەندامانی دیکەی پارتی لیکود بە سەرۆکایەتی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستیش پشتیوانی لە پلانێکی دیکە دەکەن. پلانێک کە گرنگی زیاتر بە بواری ئەمنی دەدات و بە پێی ئەوەش غەززە بە سەر دوو دەروازەدا دابەش دەکرێت و کەشێکی بەهێزی ئەمنیی بە سەردا زاڵ دەبێت و موڵەتی ئەوە بە سوپای ڕژێمی زایۆنیستی دەدات هەر کات پێویست بکات هێرشەکانی دەست پێبکاتەوە.
ۆڵ ستریت ژوورناڵ ڕایگەیاندووە کە ئەگەرچی سەرکردایەتی سیاسی ڕژێمی زایۆنیستی زانیارییەکی ئەوتۆی سەبارەت بە دۆخی داهاتووی غەززە و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی لە قۆناغی پاش شەڕ باس نەکردووە، بەڵام ئەو گرووپانە لە سەر پرۆژەیەک کار دەکەن کە تێڕوانینێکی گشتی لە سەر سیاسەتی تەل ئەبیب لە پاش شەڕی غەززە دەخاتەڕوو.
ئەو پلانانە ئەگەرچی بە تەواوی قبووڵ بکرێن یان ڕەتبکرێنەوە، ڕاستییەکی سەخت ئاشکرا دەکەن، بە تایبەت ئەوەی کە فەڵەستینییەکان دەتوانن بۆ ماوەیەکی نادیار لە ناوچە بچووکەکاندا لە کەرتی غەززە بمێننەوە، لە کاتێکدا کە شەڕ لە دەرەوە بەردەوام دەبێت. هەروەها ڕەنگە ڕژێمی زایۆنیستی بۆ ساڵانێک شەڕی دژ بە حەماس لە کەرتی غەززە درێژە پێبدات تا ئەو کاتەی کە بانگەشەی پەراوێزکەوتنی ئەو بزتنەوەیە تەواو دەکات.
ئیسرائیل زیڤ ژنڕاڵی پێشووی ڕژێمی زایۆنیستی کە لە خستنەڕووی بیرۆکەی ” پلانێک بۆ هاوکارییە مرۆییەکانی دەرەوەی حەماس لە غەززە ” ڕۆڵی هەبووە، ڕایگەیاندووە کە دەبێت بڕیاری پێویست دەربکرێت.
بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو هەوڵانە بە ئامانجی هاوکاری لە گەڵ فەڵەستینییەکانی دەرەوەی حەماس لە پێناو درووستکردنی ناوچە داخراوەکانی باکوری غەززەیە، بە تایبەت لەو ناوچانەی کە ڕژێمی زایۆنیستی پێی وایە حەماس چیدی کۆنتڕۆڵی بە سەر ئەوانەوە نییە، هەروەها فەڵەستینییەکان هاوکارییەکان دابەش دەکەن و ئەرکی مەدەنی لەو ناوچانە ئەنجام دەدەن. ئەم پلانانەش بە چاودێری ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە تایبەت وڵاتانی عەرەبی جێبەجێ دەکرێت.
ۆڵ ستریت ژوورناڵ ڕایگەیاندووە کە سوپای ڕژێمی زایۆنیستی درێژە بە شەڕی دژ بە حەماس لە دەرەوەی ناوچە دابڕاوەکان دەدات و لە داهاتووشدا بە ئازادکردنی ناوچەکانی دیکە، ناوچەی دابڕاوی زیاتر دابین دەکرێت.
ئیسرائیل زیڤ کە چاودێری کشانەوەی سوپای زایۆنیستی لە کەرتی غەززە لە ساڵی 2005 کردووە، پێشنیاری ئەوەیکردووە کە ئەو خەڵکەی فەڵەستین کە دەیانەوێت حەماس ئیدانە بکەن دەتوانن بۆ ژیان بە سەربردن لەو ناوچانەودا ناوی خۆیان تۆمار بکەن کە لە لایەن سوپای ڕژێمی زایۆنیستییەوە دەپارێزرێت و بەمەش ئەو کەسانە مافی ئاوەدانکردنەوەی خانووەکانی خۆیان هەیە./.