بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەو کاتەوە کە محەممەد حەلبوسی لە هەشت مانگی ڕابردوو لەکارخراوە، پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی جێگرەوەکەی بەردەوام شکستی هێناوە.
چەندین سەرچاوە کە ناوەکانیان لە سەر ویستی خۆیان ئاشکرا نەبووە، لە وتووێژ لە گەڵ پێگەی ” عەرەبی 21 ” ڕایانگەیاندووە کە سەرکردە سوننەکان دەیانەوێت موحسین مەندەلاوی بەردەوام وەک سەرۆکی پەرلەمان بە وەکالەت بمێنێتەوە. ناوبراو جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان.
ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە کە هەر یەک لە خەمیس خەنجەر سەرۆکی پارتی سیادە، محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پارتی تەقەدوم و موسەنا سامەڕایی سەرۆکی پارتی عەزم، لە سەر مانەوەی مەندەلاوی لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆکن و نایانەوێت کەسێکی دیکە لە پێکهاتەی سوننە بێتە گۆڕەپانەکەوە تا بیەوێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانیدا وەک ڕکابەری ئەوان دەربکەوێت.
بە بۆچوونی شارەزایانی سیاسی، نێوماڵی سوننەی عێراق پەرتەوازەیە و ئەستەمە لە سەر دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان بگەنە ڕێکەوتن./.