بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمیر سەعید ئیروانی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سوریا کە ڕۆژی سێ شەممە 25 ی حوزەیران بەڕێوەچوو، وتی: خەڵکی سوریا هێشتا بە دەست قەیرانە مرۆییەکان، دەسدرێژی، داگیرکاری دەرەکی و تیرۆریزمەوە دەناڵێنن. بە داگیرکاری نایاسایی، سزا نامرۆڤانەکان، بەسیاسیکردنی گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەرەکانی ناوخۆیی و ڕێگری لە پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ ئاوەدانکردنەوەی سوریا، ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرپرسی درێژەپێدانی شەڕ و پێکدادانەکانن، لە بەر ئەوەی کە دەیانەوێت ئیرادەی خۆیان بە سەر خەڵکی سوریادا بسەپێنن.
ناوبراو وتی: ئەم هەوڵانە نایاسایی و نائەخلاقین و تەنیا دەبنە هۆی درێژەپێدانی قەیران و ئێش و ئازاری خەڵکی سوریا. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نابێت خەڵکی سوریا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، داگیرکاری دەرەکی و تیرۆریزمی ئابوریی سزا و گەمارۆ نایاساییەکان بە تەنیا بهێڵێتەوە. سەروەری، سەربەخۆیی سیاسی، یەکڕیزی و یەکگرتوویی خاکی سوریا دەبێت بە تەواوی لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا لە بەرچاو بگیرێت.
ئیروانی وتی: کشانەوەی تەواو و بێ مەرجی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بە ئامانجی گەڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ئەم وڵاتە و ناوچەکە بە پێویست دادەنرێت لە بەر ئەوەی کە ئەو هێزانە لە جێی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، پشتیوانی لە تیرۆریستانی وەک بەرەی نوسرە دەکەن و هەروەها نەوت و سامانی خەڵکی سوریاش تاڵان دەکەن.
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: بە توندی ئیدانەی بۆردومانە بەردەوامەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە سوریا دەکەین و داگیرکردنی بەرزاییەکانی جۆلانیش لە لایەن ئەم ڕژێمە داگیرکارەوە نایاساییە.
ڕاشیگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئێران پابەندی چارەسەرکردنی سیاسیی قەیرانی سوریایە و درێژە بە پشتیوانییەکانی لە ڕەوتی سیاسی بە سەرکردایەتی و خاوەندارێتی سورییەکان لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەدات./.