بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ڕوونکردنەوەیەکدا لەو بارەیەوە، دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکان و گەشەی منداڵان ڕایگەیاندووە کە هەموو ساڵێک لە هەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا سکچوون و ڕشانەوە زۆر زیاد دەکات لە ناو منداڵاندا، ئەویش بە هۆی کاریگەری بەرزی پلەی گەرماوە کە لەوانەیە بە هۆی پیسبوونی سەرچاوەی ئاو و خەراپ هەڵگرتنی خۆراک لە ناو پلەی گەرمی بەرزدا و گەشەکردنی هەندێک بەکتریا لەو پلە گەرمییەدا لە گەڵ وشکبوونەوەی منداڵ لە پلەی گەرمی بەرزدا و کەمتر بەرگەگرتنی سکچوون و ڕشانەوە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە هۆکارەکانی سکچوون و ڕشانەوە زۆرن، لەوانەیە هۆکارەکە ڤایرۆسی یان بەکتریا یان پاڕاسایت یان خواردنی شیرینی یان هەستیاری بە پرۆتین، یان نەخۆشی گەنم و جۆ یان هەژراویبوون یان هەستیاری بە جۆرە خواردنێک یان کۆرۆنا یان چەندین هۆکاری دیکە، کە واتە لە خۆتەوە چارەسەر بەکار مەهێنە لە بەر ئەوەی کە چارەسەرەکانیان جیاوازن.
ئەو پزیشکە لە درێژەدا چەند ڕێنماییەکی بڵاو کردووەتەوە کە بریتین لە:
هەموو ئاوێک بکوڵێنە پاشان ساردی بکەرەوە و بۆ خواردنەوە بەکاری بهێنە.
خواردن لە ناو ساردکەرەوەدا هەڵبگرە.
سەوزە و میوە پێش خواردن باش بشۆرەوە.
زوو زوو دەستی منداڵەکانت بشۆ بە تایبەت دوای تەوالێت کردن.
پاک و خاوێنی تەوالێت و حەمام زۆر گرنگە.
بەکارنەهێنانی خاولی و پەرداخ و کەوچکی یەکتر.
دوورکەوتنەوە لە خواردنی دەرەوە بە تایبەت ئەوانەی سەر عەرەبانەکان.
باش کوڵاندنی گۆشت و خواردنەکان./.