بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەو توێژینەوەدا هاتووە کە هۆکاری توشبوونی ئەمریکییەکان بە نەخۆشییەکانی دڵ بۆ زۆری ژمارەی ئەو کەسانە دەگەڕێتەوە کە بەرزی پەستانی خوێنیان هەیە یان تووشی دەبن، ئەمەش وایان لێدەکات زۆر زیاتر تووشی کێشەی مەترسیدار ببن وەک جەڵتەی دڵ یان جەڵتەی مێشک.
کێشەکانی دیکەی دڵ و خوێنبەرەکان بریتین لە جەڵتەی دڵ، ناڕێکی لێدانی دڵ وەک لەرزین لە دەمارەکان، سستبوونی دڵ و نەخۆشی زگماکی دڵ.
سەرەڕای داهێنانەکان لە چارەسەرەکاندا، نەخۆشییەکانی دڵ بۆ دەیان ساڵە هۆکاری سەرەکی گیان لە دەستدانی ئەمریکییەکانە و ساڵانە هۆکاری مردنی زیاتر لە 800 هەزار کەسە.
لەو توێژینەوەیەدا هاتووە کە کۆمەڵەی دڵی ئەمریکا پێشبینی دەکات 45 ملیۆن کەسی پێگەیشتوو جۆرێک لە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانیان هەبێت بە بێ بەرزی پەستانی خوێن یان لە ساڵی 2050 دا تووشی جەڵتەی مێشک دەبن، لە کاتێکدا لە ساڵی 2020 ئەو ئامارە 28 ملیۆن کەس بووە.
پیربوونی دانیشتووان هۆکارێکی دیکەی پشت ئەم حاڵەتەیە، لە بەر ئەوەی کە هەتا تەمەن زیاتر بێت ئەگەری توشبوون بە کێشەی دڵ زیاتر دەبێت.
توێژینەوەکە دەڵێت تا ساڵی 2050 نزیکەی لە سەدا 22 ی دانیشتووانی ئەمریکا تەمەنیان دەگاتە سەروی 65 ساڵ، لە کاتێکدا 10 ساڵ بەر لە ئێستا کەسانی بەساڵاچوو تەنیا لە سەدا 13 ی ژمارەی دانیشتووانەکەیان پێکدەهێنا. پێشبینی دەکرێت مامناوەندی تەمەن لە ئەمریکا لە 37 ساڵەوە لە ساڵی 2010 بۆ 41 ساڵ لە ساڵی 2050 بەرز ببێتەوە.
توێژینەوەی کۆمەڵەی دڵی ئەمریکا دەریدەخات کە ئێستا گەورەساڵانی ڕەشپێست زۆرترین هۆکاری مەترسی نەخۆشییەکانی دڵیان هەیە وەک بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و شەکرە و قەڵەوی، هەروەها پێشبینی دەکرێت زۆرترین کێشەیان هەبێت لە گەڵ خەراپی خۆراک و ڕێژەیەکی کەمی خەوتن، هەر دوو حاڵەتەکە بەشدارن لە کێشەکانی دڵ.
کۆمەڵەی دڵی ئەمریکا پێشبینی دەکات گەورەترین زیادبوونی گشتی لە نێوان حاڵەتەکانی دڵ و خوێنبەرەکاندا لە ژمارەی ئەو کەسانەدا دەبێت کە جەڵتەی مێشکیان هەیە، هەروەها پێشبینی دەکات ڕێژەکە لە سەدا 3.9 بۆ 6.4 بەرز ببێتەوە.
لە ڕووی هۆکارەکانی مەترسییەوە، زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی کە قەڵەون یان نەخۆشی شەکرەیان هەیە، مەترسی توشبوون بە کێشەکانی دڵیش زیاد دەکات.
خەراپی خۆراک کە دەتوانێت زیان بە تەندرووستی دڵ بگەێنێت، پێشبینی دەکرێت ئەو حاڵەتە کاریگەری لە سەر زۆربەی خەڵک هەبێت، ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە تەنیا نزیکەی 70 ملیۆن گەنجی پێگتەیشتوو لە ساڵی 2050 خواردنی خەراپ دەخۆن.
تویژینەوەکە پێشبینی دەکات ژمارەی ئەو کەسانەی قەڵەوییان هەیە لە سەدا 43.1 بۆ لە سەدا 60.6 زیاد بکات، ئەمەش کاریگەری دەبێت لە سەر زیاتر لە 180 ملیۆن کەس تا ساڵی 2050. ژمارەی توشبووانی شەکرە لە سەدا 16.3 بۆ لە سەدا 26.8 زیاد دەکات و کاریگەری لە سەر زیاتر لە 80 ملیۆن کەس لەو ماوەیەدا دەبێت.
هەروەها ڕاپۆرتەکە چاوخشاندێکی وردی کردووە لە سەر تەندرووستی دڵی منداڵان و تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە ژمارەی ئەو منداڵانەی بە قەڵەوی دەژین، بەشێکی زۆری بە هۆی کەمی وەرزشکردن و خەراپی خۆراکە. ڕاپۆرتەکە پێشبینی دەکات ژمارەی ئەو منداڵە ئەمریکییانەی قەڵەوییان هەیە لە سەدا 20.6 لە ساڵی 2020 بۆ لە سەدا 33 لە ساڵی 2050 زیاد ببێت، واتە تا ئەو کاتە 26 ملیۆن منداڵ کێشەی قەڵەوییان دەبێت./.