بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە وەرزی هاویندا، پچڕانی کارەبا لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. سەرەڕای ڕاگەیاندنی حکومەتی عێراق سەبارەت بە کەمکردنەوەی کێشەی کارەبا بە بەستنەوەی کارەبا بە ئەردەن و وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداوی فارس، کێشەی کارەبا لەم وڵاتەدا بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە، بەتایبەتی لە هاوینی عێراقدا پلەکانی گەرما گەیشتووەتە 50 پلەی سەدی.
سەرەڕای بەڵێنی دووبارەی حکومەت بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی کارەبا، بەڵام واقیعەکە ئەو کێشە و تەحەددایانەی بەردەوام نیشان دەدات کە بۆ دەیان ساڵە ڕێگر بوون لە دابینکردنی کارەبای بەردەوام بۆ دانیشتووان.
هاوکات، محەممەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەم دواییانەدا کردنەوەی و کارپێکردنی ٢٠٠ وێستگەی کارەبای لە سەرتاسەری ئەم وڵاتە ڕاگەیاند.
بەرهەمی کارەبای عێراق لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتە 24 هەزار مێگاوات، لە کاتێکدا لە ئێستادا 25 هەزار مێگاواتە و هەرچەندە بەرهەمی ئێستای زیاترە لە بەرهەمی ساڵی ڕابردوو، بەڵام دۆخی دابینکردنی کارەبا بۆ ماڵان لە ساڵی ڕابردوو خەراپترە. شارەزایان هۆکاری ئەمەش بە زیادبوونی ساڵانەی تێکڕای قەبارەی بەکاربردن دەزانن.
ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند، وەزارەت ئاگاداری ڕادەی کێشەی کارەبای ناوچە جیاجیاکانی عێراقە و ڕێگەچارە هەیە کە وەزارەت بەپەلە پەنای بۆ بردووە، بەڵام ئەو چارەسەرانە بە تەواوی دۆخەکەی ئاسایی نەکردووەتەوە.
موسا ڕوونیشیکردەوە، حکومەتی عێراق نەخشەڕێگایەکی داڕشتووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەی نەبوونی بەرهەمهێنانی کارەبا و گواستنەوە و دابەشکردنی و بۆ ئەوەی بچێتە سەر دابەشکردنی زەوی، کە یەکێکە لە ئامرازە سەلامەتەکانی گواستنەوەی وزە، بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما.
ئاماژەی بەوەشکرد: ژێرخان و تۆڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا لە عێراق کۆن و ئەمەش دەبێتە هۆی گەڕانەوەی قەیرانی کارەبا و وەزارەتی کارەباش هەوڵدەدات بە باشترین شێوە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بپارێزێت.
موسا ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی کارەبا بەڵێنی نەداوە لە بنەڕەتدا قەیرانەکە چارەسەربکات چونکە ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت، بە تایبەتی کە ناهاوسەنگی کارەبا دەگاتە 14 هەزار مێگاوات، ئەمە جگە لەوەی پێویستی بە وێستگەی نوێی محاویلە و تۆڕی دابەشکردن هەیە بەهۆی زیادبوونی داواکاری بەکارهێنانی کارەبا.
دووپاتیشی کردەوە، کێشەی سەرەکی کە دۆخی کارەبا لە عێراق خەراپتر دەکات، لاوازی تۆڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردنە، چونکە بەشێکی زۆریان کۆنن و بەرگەی بەرزی پلەکانی گەرما ناگرن، بەشێکی تریش باری زۆرە.
لەو چوارچێوەیەدا کۆمیسیۆنی کارەبا و وزە لە پەرلەمانی عێراق هۆشداریدا لە خەراپتربوونی قەیرانی کارەبا لە دوو مانگی داهاتوودا، بەهۆی لاوازی ئامادەکارییەکانی وەزارەتی کارەباوە، بە پێچەوانەی بەڵێنەکانی وەزارەت بۆ وەرزی هاوینی ئێستا و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کۆمیسیۆنە هۆکاری ڕاستەقینەی کەمی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق دەستنیشان کردووە.
سۆهەیلا ئەلسوڵتانی ئەندامی ئەم کۆمیسیۆنە لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو پێداویستیانەی وەزارەتی کارەبا بەڵێنی پێداوە بۆ وەرزی هاوینی ئێستا هەڵە بوون، بەو پێیەی ساڵی ڕابردوو و ساڵانی ڕابردووش کێشەی هاوشێوە دووبارە بووەوە.
سۆڵتانی هۆشداریدا لە خەراپتربوونی قەیران لە دوو مانگی داهاتوودا، ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵانە پلەکانی گەرما بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
دووپاتیشی کردەوە کۆمیسیۆنی کارەبا و وزەی پەرلەمان بەشێوەیەکی کارا چاودێری و بەدواداچوون لە گەڵ ستافی وەزارەت دەکات بۆ ئەوەی هاوکاربن لە چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پلەکانی گەرمایە بەرزەی کە پارێزگاکانی عێراق لە دوو مانگی داهاتوودا ڕووبەڕووی دەبنەوە.
لەمبارەیەوە گۆڤەند شێروانی پسپۆڕی وزە دەڵێت، قەیرانی کارەبای عێراق بەردەوامە و کێشەکە چارەسەر نابێت تا پێکهاتە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا بە کۆن بمێننەوە و نۆژەن نەکرێنەوە و خزمەتگوزارییان بۆ نەکرێت.
دەشڵێت، واقیعی قەیرانەکە ناهاوسەنگییەکی توند لە سەرچاوەکانی پێدانی کارەبادا نیشان دەدات و دەشڵێت، زۆربەی پڕۆژەکانی کارەبا لە ساڵانی ڕابردوودا تیشکیان خستووەتە سەر پاراستن و نۆژەنکردنەوەی سیستەمە کۆنەکان لە نهۆمی سادە بۆ نهۆمی ئاڵۆز بۆ بەدەستهێنانی توانای زیادە تا 15 %، بەڵام ئەمە پرۆژەکان بوونەتە هۆی لەدەستدانی بەشێکی زۆر لەو سەرچاوانەی کە دەکرا وەبەرهێنانیان لە دروستکردنی وێستگەی کارەبای توانای گەورەدا بکرایە.
سەبارەت بە پڕۆژەکانی بەستنەوەی بە تۆڕی کارەبای ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداوی فارس و ئەردەن، شێروانی هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، پەیوەندی بە تۆڕی کارەبای ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداوی فارس تاڕادەیەک باشە، چونکە بەشێک لە ململانێی پارێزگاکانی باشووری عێراق چارەسەر دەکات، بەڵام ڕووبەڕووی بەربەستی ئیداری دەبێتەوە کە ڕێگری لە تەواوبوونی دەکات.
دەشڵێت، پەیوەندی لەگەڵ ئەردەن لە 500 مێگاواتەوە دەستپێدەکات و ڕەنگە بگاتە 1000 مێگاوات، و ئەم بڕە کەمە و لە گەڵ قەبارەی پێویستی و ئاستی کورتهێنان ناگونجێت، بەڵام دەتوانێت ناوچەکانی نزیک سنووری ئەو وڵاتە لە ئەنبار بگرێتەوە.
لە کۆتاییدا دەگاتە ئەو ئاستەی کە قەیرانەکە چارەسەر نابێت، تا سەرچاوەکان بۆ پاراستن و نۆژەنکردنەوەی سیستەمی کۆن خەرج نەکرێن، بەڵکو لەبری دروستکردنی وێستگەی کارەبای گەورە کە بە غازی سروشتی کاربکەن.
جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە غاز لە وڵاتدا بە ئیمکانی ئابوری دروست و بەگوێرەی بارودۆخی ژینگەیی عێراق بەکاربهێنرێت و لەبری هاوردەکردنی غاز و کارەبا لە وڵاتانی دراوسێ بە تێچووی زیاتر لە 5 ملیار دۆلار لە ساڵێکدا، غازی ناوخۆیی وەک سەرچاوەی بەرهەمهێنانی کارەبا و بۆ ماڵانیش بەکار بهێندرێت./.