بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، خۆڕاگریی ئیسلامی لوبنان ڕۆژی یەک شەممە 23 ی حوزەیرانی 2024 ڤیدیۆیەکی بڵاو کردەوە بە ناونیشانی ” بۆ هەر کەسێک کە گرنگە ” و لە سەر زاری سەید حەسەن نەسروڵڵا و وەک وەڵامێک بۆ هەڕەشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە ” ئەگەر شەڕێک بە سەر ئێمەدا بسەپێندرێت، دوژمن پەشیمان دەبێتەوە “.
حزبوڵڵا لەو ڤیدیۆیەدا زانیاری و وێنەی گرنگی لە سەر شوێن و ناوچە ستراتیژییەکان نمایش کردووە و ئاماژەی بەوەداوە کە لە ئەگەری هەر شەڕێکدا تەواوی ئەو شوێنانە دەکرێنە ئامانج.
بینای وەزارەتی شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی لە تەل ئەبیب، پاڵاوگەی نەوتی حەیفا و بەشە گرنگ و ستراتیژییەکانی، فڕۆکەخانەی بن گوریۆن، بەندەری ئەشدود، بەندەری حەیفا، بنکە سەربازییەکانی تایبەت بە مانگە دەستکردەکان لە ناوچەی یەهود و بنکە سەربازییەکانی بیابانەکانی نەقەب و ناوچەی ئەلجەلیل، لەو شوێنانەن کە لە ڤیدیۆکەی حزبوڵڵادا زانیاری تەواویان لە سەر بڵاو بووەتەوە.
لە سەرەتای ڤیدیۆکەی حزبوڵڵادا بەشێک لە وتەکانی سەید حەسەن نەسروڵڵا هاتووە کە ڕایگەیاندووە ” لە شەڕێکی بەربڵاودا نە ئاستێک هەیە و نە سنورێک و نە یاسا و پێودانێک، هەموو شتێک لە ژێر ئاگری چەکەکانی حزبوڵڵادا ڕێگاپێدراو دەبێت “.
لە کاردانەوەی بەرامبەر بە ڤیدیۆکەی حزبوڵڵا ” ڕان بن یەشای ” شرۆڤەکاری کاروباری سەربازی و هەواڵگری و وتەبێژی پێشووی سوپای داگیرکاری زایۆنیستی، ڕایگەیاندووە کە حزبوڵڵا بەرە بەرە باکوری ئەلجەلیل لە دانیشتووانەکەی چۆڵ دەکات و ناوچەکە بەرەو وێرانییەکی تەواو دەبات، لە ڕاستیدا حزبوڵڵا 50 هەزار ئیسرائیلیی بارمتە گرتووە کە ناتوانن بۆ ماڵەکانیان بگەڕێنەوە، مەگەر ئەوە نەسروڵڵا موڵەت بەوان بدات “.
ڤیدیۆکەی حزبوڵڵا پاش ئەوە دێت کە لە هەفتەی پێشوودا لە ڕێگای درۆنی هودهودەوە قووڵایی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین تاقیکرانەوە و زانیاری و وێنەی تەواو لە بەندەری حەیفا و شوێنە ستراتیژییەکانی بڵاو کرایەوە، وەک لاوازییەکی ڕژێمی زایۆنیستی و شکستی سیستەمە بەرگرییەکانی./.